وەزارەتی بەرگریی تورکیا کوژرانی سەربازێک و چوار گوندپارێزی لە هەرێمی کوردستان رادەگەیێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، چوار گوندپارێزی تورکیا لە هەرێمی کوردستان لەلایەن گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکەوە کوژراون. هەر ئەمڕۆ تورکیا کوژرانی سەربازێکی لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان راگەیاندبوو.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاویکردووەتەوە، هەریەک لە گوندپارێزان بولەنت ڤێرەمەز، کەمال ئیمەجە، ئاڤدی دەمیر و ڤەیسی سەبیک لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چنگ - هەورەبرووسکە کوژراون.
 
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەردا، کوژرانی سەربازێکی سوپاکەی بەناوی رەمزی نیشان لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.
 
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ئەو سەربازە بە گرێبەست لە ئەرکەکەیدا بووە و لە پێکدادانێکدا لەگەڵ گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە ئۆپەراسیۆنی چنگ - قووفڵدا، کە تورکیا لە هەرێمی کوردستاندا دژی پەکەکە دەستیپێکردووە، کوژراوە.
 
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا کە پێشتر بڵاویکردووەتەوە، لە ئۆپەراسیۆنی چنگ - قووفڵ کە لە 17ی نیسانی 2022ەوە دەستیپێکردووە، 289 گەریلای پەکەکە گیانیان لەدەستداوە و دەستیش بەسەر بڕێکی زۆر کەرەستە و پێداویستیی سەربازیدا گیراوە و 30 ئەشکەوت و پەناگەش کراونەتە ئامانج، بەڵام ئاماژەی بەوە نەکردووە، کۆی گشتی چەند سەربازیان کوژراون.
 
ئەم راگەیێندراوە لەکاتێکدایە، رۆژی 15ی ئەم مانگە ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە ئاماری سێ مانگی شەڕ و پێکدادانی پەکەکەی لەگەڵ سوپای تورکیا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قووفڵ لە خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا هەزار و 528 سەربازیان کوشتووە و 72 گەریلاش گیانیان لەدەستداوە.
 
ئامارەکانی هەپەگە بەم شێوەیە بوو: گەریلا 1129 جار هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی تورکیا و لە ئەنجامدا 1528 سەرباز کوژراون کە لەنێویاندا شەش ئەفسەری باڵا هەبوون و 217 سەربازیش بریندار بوون.
 
وەکو هەپەگە دەڵێت، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا 2623 جار و هێلیکۆپتەرەکانی سوپای ئەو وڵاتە 1978 جار بۆردوومانیان کردووە و لە ئەنجامدا 72 گەریلا گیانیان لەدەستداوە.
 
هەروەها هێلیکۆپتەرێکی جۆری ئاتاک، دوو هێلیکۆپتەری جۆری سکۆرسکی، تانکێک، پێنج ئۆتۆمبێلی زریپۆش، شۆفڵێک و 41 سەنگەر لەلایەن گەریلاوە هێرشیانکراوەتەسەر و تێکشکێندراون.
 
شەوی 17ی نیسانی 2022، ئۆپەراسیۆنی چنگ - قووفڵ لەلایەن سوپای تورکیا لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆسەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.