توركیا بۆ یۆنان: لە خەو هەستن ئایاسۆفیا تاهه‌تایه‌ موڵكی توركیایه‌


رووداو دیجیتاڵ

دوای ئه‌نجامدانی یه‌كه‌م نوێژی هه‌ینی لە ئایا سۆفیا و گۆڕینی ناوەکەی بۆ‌ "مزگەوتی ئایاسۆفیای گەورەی شەریف"، له‌ شاری سێلانیك له‌ یۆنان خۆپێشاندان كرا و ئاڵای توركیا سووتێنرا. وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش به‌توندی سه‌ركۆنه‌ی سووتاندنی ئاڵای وڵاتەکەی له‌ یۆنان كردو رایگەیاند "له‌ به‌رامبه‌ر ئاڵا شكۆداره‌كه‌مان باجه‌كانیان به‌باشی له‌ ده‌ریای ئیجه‌ وه‌بیرده‌هێنینه‌وه". 
 
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌ راگه‌یێندراوه‌كه‌یدا دەڵێت‌ "بینینی دیمه‌نی كڕنووش بردن له‌ مزگه‌وتی ئایاسۆفیا، ده‌روونی منداڵه‌ له‌خۆباییه‌كانی ئه‌وروپای تێكداوه‌. خاوه‌ن هزری‌ نه‌ژادپه‌رستانه‌ په‌ندی پێویستیان له‌ مێژوو وه‌رنه‌گرتووه‌. ئه‌وانه‌ی بێڕێزییان كردووه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئاڵا شكۆداره‌كه‌مان باجه‌كانیان به‌باشی له‌ ده‌ریای ئیجه‌ وه‌بیرده‌هێنینه‌وه. یۆنان 567 ساڵه‌ له‌ خه‌ونی بێزه‌نتییه‌كان خه‌به‌ریان نه‌بووه‌ته‌وه‌، پێویسته‌ ده‌ستبه‌رداری خه‌یاڵپڵاوییان ببنه‌وه‌‌". 
 
حامی ئاكسۆی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا هەر لەو راگەیێندراوەیدا نوسیوویه‌تی "یۆنان، به‌بیانووی ره‌خنه‌گرتن له‌ كرانه‌وه‌ی مزگه‌وتی ئایاسۆفیا به‌ڕووی خواپه‌رستیدا‌، به‌رده‌وامه‌ له‌ دژایه‌تیكردنی ئیسلام و توركیا و دووباره‌ هه‌ڵوێسته‌ دوژمنكارانه‌كانیان خسته‌ڕوو. به‌تووندی سه‌ركۆنه‌ی راگه‌یێندراوه‌ پڕ له‌ كین و نه‌فره‌ت ئامێزه‌كانی حكومه‌ت و په‌رله‌مانتارانی یۆنان ده‌كه‌ین، كه‌ خه‌ڵكیان هانداوه‌ و وروژاندوویانن‌ و رێگه‌یانداوه‌ به‌سووتاندنی ئاڵای شكۆدارمان له‌ سێلانیك". 
 
له‌
 
كۆتایی راگه‌یێندراوه‌كه‌شدا گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا نوسیوویه‌تی "به‌ئیراده‌ی میلله‌ت، ده‌رگەكانی مزگەوتی ئایاسۆفیای گەورەی شەریف بۆ خواپه‌رستیی كرایه‌وه‌ و له‌مه‌ودوا ئه‌م مزگه‌وته‌ له‌نێو خاكمان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م كولتوور و به‌هاكانی دیكه‌ تاهه‌تایه‌ موڵكی توركیایه‌ و ده‌یپارێزین".  
 
تورکیا بایەخێکی ئێجگار گەورە بە کردنەوەی ئایا سۆفیا وەک مزگەوت دەدات وه‌ك گوزارشتكردن له‌ گرنگی كردنه‌وه‌ی ئایاسۆفیا به‌ رووی په‌رستشدا دراوی کانزایی تایبەتیشی بۆ لێداوەو ئه‌مڕۆ خرانه‌ بازاڕ. تاوەکو ئێستا زیاتر له‌ پێنج هه‌زار دراوی كانزایی زیوو و 10 هه‌زار دراوی كانزایی برۆنز لێدراون.
 
ده‌توانرێت دراوی كانزایی زیو به‌ 185 لیره‌ (27 دۆلار) و دراوی كانزایی برۆنز به‌ 55 لیره‌ (8 دۆلار) له‌ كۆگای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی مۆرهه‌ڵكه‌ندن و سكه‌خانه له‌ ناوچه‌ی بێشكتاشی ئیسته‌نبووڵ یاخود له‌ كۆگای ئه‌لیكترۆنی دامه‌زراوه‌كه‌ له‌ رێگەی ئینته‌رنێت بكڕدرێن.
 
هاووڵاتیان به‌مه‌به‌ستی ده‌ستكه‌وتنی ئه‌م دراوه‌ كانزاییه‌ تایبه‌تانه‌ كه‌ ژماره‌یه‌كی دیاریكراویان لێ دەرکراوە‌، له‌ سه‌رله‌به‌یانی زووه‌وه‌ چوونه‌ته‌ سكه‌خانه‌ له‌ بێشیكتاش. دوای تۆماركردنی ناو و ژماره‌ی ناسنامه‌كانیان، به‌ نۆره‌ دراوی كانزاییان پێ ده‌فرۆشرێت.شیرینیش به‌سه‌ر ئه‌و هاووڵاتییانه‌دا دابه‌شده‌كرێت كه‌ له‌ سەرەدا وه‌ستاون و فرۆشتنی دراوه‌ كانزایییه‌كان له‌ رێگای ئینته‌رنێته‌وه‌ له‌ هه‌فته‌ی داهاتووه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات.
 
رۆژی هه‌ینی 24ی تەممووزی 2020، یەکەم نوێژی هەینی لە دوای 86 ساڵ لە "مزگەوتی ئایاسۆفیای گەورەی شەریف" كه‌ ئه‌مه‌ ناوه‌ نوێیه‌كه‌یه‌تی، بە ئامادەبوونی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكکۆماری تورکیا و به‌رپرسه‌ باڵاكانی حكومه‌ت و په‌رله‌مان و به‌شێك له‌ پارته‌ سیاسییه‌كان و هه‌زاران كه‌س، ئەنجامدرا.