بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سادات: سکاڵا لەسەر کڵچدارئۆغڵو تۆمار دەکەم
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی جەهەپە لێکچوواندنێک لەنێوان کۆمپانیای ساداتی تورکیا و گرووپی ڤاگنەری رووسیا دەکات؛ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ساداتیش دەڵێت، سکاڵای یاسایی لەسەر کەمال کڵچدارئۆغڵو تۆمار دەکات.
مەلیح تانریڤێردی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای سادات شەوی رابردوو لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنییدا وەڵامی کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپەی دایەوە کە باسی لێکچوونی گرووپی ڤاگنەر و ساداتی تورکیای کردبوو.
مەلیح تانریڤێردی گوتی، "کڵچدارئۆغڵو ناپاکە، ئەگەر تۆمەتەکانی نەسەلمێنێت".
چەند کاژێرێک پێشتر تانریڤێردی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاندبوو، بەو پێیەی کڵچدارئۆغلو "ئەو قەرەبووەی نەدا کە لێی داواکرابوو، سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەم و دەیکەمەوە دۆسیەیەکی نوێی قەرەبووکردنەوە".
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە رۆژی شەممە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر چەند پۆستێکی لەسەر ڤاگنەر و رووداوەکانی رووسیا بڵاوکردەوە و نووسی، "زۆرجار حکومەتی کۆشکم لە سادات ئاگادارکردوەتەوە و گوتوومە، دەیانەوێت دەوڵەتی کۆماری تورکیا بڕوخێنن و زمان و ئاڵا و دەستوورەکەی بگۆڕن".
کڵچدارئۆغڵو رایگەیاند، "ئەوەی ئێستا لە رووسیا روودەدات، هیوادارم ببێتە وانەیەک، چونکە ڤاگنەری رووسیا ساداتی تورکیایە. لێرەوە جارێکی دیکە رایدەگەیێنم کە رێگە بە هیچ پێکهاتەیەکی نیمچەسەربازی نادەین دوژمنایەتی گەل بکات".
کۆمپانیای راوێژکاری سەربازیی نێودەوڵەتیی سادات لە 28ی شوباتی 2012 لەلایەن ژمارەیەک ئەفسەری خانەنشینی تورکیا بە واژۆی وەزیری بازرگانیی مۆڵەتی دامەزراندنی پێدرا.
لە راگەیێندراوی دامەزراندنییدا دەڵێ، "بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی تورکیا، ئامانجمان پێشکێشکردنی راوێژکاریی سەربازییە بۆ وڵاتانی موسڵمان".
عەدنان تانریڤێردی کە دامەزرێنەری ساداتە دەڵێت، حکومەت لە دوای هەوڵی کودەتاکەی 15ی تەمموزی 2016 لە چوارچێوەی داواکارییەکانی ئەوان سوپای رێکخستووەتەوە.
کڵچدارئۆغڵو لە 13ـی ئایاری 2022 بەهۆی نیگەرانییەکانی لەبارەی ئاسایشی هەڵبژاردن، چووە سەر ناوەندی سادات لە ئەنقەرە و ساداتی تۆمەتبار کرد بەوەی راهێنان بە "تیرۆریستان" دەکات و لەو بابەتەدا رەخنەی لە دەسەڵات گرت.