کچی هۆزان جانێ بە 10 ساڵ و پێنج مانگ زیندانیکردن سزادرا

رووداو دیجیتاڵ
 
دادگای تورکیا سزای 10 ساڵ و 5 مانگ زیندانیکردنی بۆ گۆنول ئۆرس، کچی هونەرمەندی کورد هۆزان جانێ بڕییەوە، کە وڵاتینامەی ئەڵمانیای هەیە. 
 
گۆنول ئۆرس لە ئیستەنبووڵ لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی دۆسیەی تاوانی تیرۆر، بە پاسای ئەوەی لە شاری کۆلن-ـی ئەڵمانیا بانگەشەی بۆ پەکەکە کردووە دادگایی کرا. 
 
لە پرۆسەی دادگاییکردنەدا، کە رۆژی پێنجشەممە 24ی حوزەیرانی 2021 لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو، گۆنول ئۆرسـی تەمەن 39 ساڵ، بەهۆی کێشەی تەندروستی ئامادەی دانیشتنەکەی دادگا نەبوو. لە دانیشتنەکەی دادگادا پارێزەرەکەی داوای بێ تاوانی بریکارەکەی کرد. 
 
دادگای ئیستەنبووڵ بەتۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکە لە کۆلن، سزای 10 ساڵ و 5 مانگ زیندانیکردنی بۆ گۆنول ئۆرس بڕییەوە و لە هەمانکاتدا بڕیاری دا بە لابردنی قەدەخەی گەشتگردن بۆ دەرەوەی وڵات، کە پێشتر بەسەر کچەکەی جانێدا سەپێنرابوو.  
 
گۆنول ئۆرس لەبارەی ئەو بڕیارەی دادگای تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسێکی ئەڵمانی راگەیاند، سەری لە بڕیارەکە سووڕماوە و دەیەوێ لە نزیکترین کاتدا تورکیا جێبهێڵێت. 
 
کچەکەی هۆزان جانێ بڕیارەکەی بە "نادادپەروەرانە" ناوبرد و رایگەیاند، لە رێگەی پارێزەرەکەیەوە تانە لە بڕیارەکە دەدات. 
 
گۆنول ئۆرس، کە وڵاتینامەی ئەڵمانی و تورکی هەیە، ساڵی 2019 کاتێک هۆزان جانێ-ـی دایکی لە تورکیا بەندکرابوو، بە مەبەستی بینینی دایکی سەردانی تورکیای کرد و بۆ ماوەیەکی کورت دەستبەسەرکرا. دواتر ئازادکرا، بەڵام گەشتکردنی بۆ دەرەوەت تورکیا لێ قەدەخەکرا.
 
گۆنول ئۆرس جارێكی دیکە لە سەرەتای مانگی ئەیلولی هەمان ساڵ بڕیاری گرتنی بۆ دەرکرا و تۆمەتی هەوڵدان بۆ چوونە دەرەوەی لە تورکیا بە رێگەی قاچاخەوە درایە پاڵ. 
 
لەلایەکی دیکەوە پرۆسەی دادگاییکردنی هۆزان جانێ بەردەوامە. دانیشتنی داهاتووی دادگا لەسەر دۆسیەکەی جانێ، مانگی تەمموزی داهاتوو لە دادگای سزا قورسەکانی ئەدیرنە بەڕێوەدەچێت.
 
هونەرمەندی کورد هۆزان جانێ، دوای ئەوەی رۆژی 23ی حوزەیرانی 2018 بۆ بانگەشەی هەدەپە لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆمار چووە پارێزگای ئەدیرنەی تورکیا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.
 
دادگای سزا قورسەکانی ئەدیرنە لە کانوونی دووەمی 2018دا بە بەتۆمەتی هاوکاریکردنی پەکەکە و بڵاوکردنەوەی وێنە و نووسینی کۆمێنت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر پەکەکە، سزای 6 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند.
 
رۆژی 17ی ئەیلولی 2019 جارێکی دیکە پرۆسەی دادگاییکردنی هۆزان جانێ لە دادگای سزا قورسەکانی ئەدیرنە بەڕێوەچوو. هۆزان جانێ کە لە رێگە سیستەمی رەنگ و دەنگ بەشداری دانیشتنەکەی دادگای کرد، ئەو تۆمەتانەی رەتکردنەوە کە درابوونە پاڵی و ئاماژەی بەوەدا ئەکاونتی ساختە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە ناوی ئەو کراوەتەوە و لەسەر ئەو پرسە سکاڵای یاسایی تۆمارکردووە. 
 
دواتر دادگای ئەدیرنە بە تۆمەتی بێرێزیکردن بە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بە ساڵێک و 5 مانگ و 15 رۆژ بەندکردن سزای دا.