بەهۆی نەزانینی عەرەبی داوای دەستلەکارکێشانەوە لە سەرۆکی کاروباری ئایینی تورکیا دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی سیڤیەکەی، سەرۆکی کاروباری ئایینی تورکیا عەرەبی دەزانێت، پەیامنێری رووداو لە بەغدا بە عەرەبی پرسیاری لێکرد، بەڵام ئەو داوای وەرگێڕی کرد.
بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە ماوەی چەند رۆژێكە لە نێوخۆی تورکیا بووەتە جێگەی باس. موجاهیت بیرینجی، ئەندامی پێشووی دەستەی بەڕێوەبردن و ناوەندیی بڕیاری ئاکپارتی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 25ـی نیسان) لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی "لەو بڕوایەدام سەرۆکێکی کاروباری ئایینی لە سیڤییەکەی نووسراوە عەرەبی دەزانم، بەڵام عەرەبی نازانێت، دەبێت کورسییەکەی چۆڵ بکات."
موجاهیت بیرینجی دەڵێ "بە دوو هۆکار ئەو داواکارییە دەکەم، یەکەم سیڤییەکەی راست نییە. (پەروەردگارمان دەفەرموێت ئیماندار درۆ ناکات)، دووەم، لۆجیک نییە کەسێک مامەڵە لەگەڵ ئیسلام و فیقهی ئیسلامی بکات، سەرۆکایەتیی دەسەڵاتی فەتوا بکات و زمانی عەرەبی نەزانێت، چونکە قورئان عەرەبییە."
عەلی ئەرباش، سەرۆکی کاروباری ئایینی تورکیا لە نێو ئەو شاندە باڵایەدا بوو کە دووشەممەی رابردوو یاوەری رەجەب تەیب ئەرۆغان بوون لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا و هەولێر.
زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا بە عەرەبی پرسیارێکی ئاراستەی کرد، بەڵام بەهۆی کێشەی زمان لە پرسیارەکە تێنەگەیشت و داوای وەرگێڕی کرد. ئەمەش کاردانەوەی بەدواداهات.
سەرۆکایەتیی کاروباری ئایینی تورکیا لە ساڵی 1924ـدا بە فەرمانی مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرێنەری کۆماری تورکیا و یەکەمین سەرۆکی جەهەپە دامەزراوە.
پێشتر سەر بە ئەنجوومەنی وەزیران بوو، بەڵام لە دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018 راستەوخۆ بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بەسترایەوە.
ڤیدیۆکە، کە تەنیا لە پلاتفۆڕمی (ئێکس)ـی رووداو کاردانەوەی زۆر و زیاتر لە سێ ملیۆن بینەری هەبووە:
Bağdat'ta bulunan Türkiye Diyanet İşleri Başkanı Prof. Dr. Ali Erbaş, Rûdaw muhabirinin Selahaddin-i Eyyubi ve Şeyh Abdulkadir Geylani gibi Kürt şahsiyetlerin İslam'a hizmetleri hakkındaki sorusuna yanıt verdi pic.twitter.com/YnGURszmfZ
— Rudaw Türkçe (@RudawTurkce) April 22, 2024