لە ئۆپەراسیۆنێکدا 110 کەس بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە/کەجەکە دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێكی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە 21 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا، کە ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکە پارێزگای ئامەد بوو، 110 کەس بەتۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە/کەجەکە دەستگیرکران، لەنێویاندا سیاسەتڤان، رۆژنامەڤان، پارێزەر و هونەرمەند هەن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 25ـی نیسانی 2023 تیمەکانی پۆلیس لەو ئۆپەراسیۆنەدا لە 21 پارێزگادا هەڵیکوتایە سەر چەندین ماڵ.
هەریەک لە عەبدولڕەحمان گۆک، رۆژنامەڤانی ئاژانسی میزۆپۆتامیا، عوسمان ئاکن، بەڕێوەبەری گشتیی رۆژنامەی یەنی یاشام، پەیامنێر ئەحمەد کانبال، قەدری حەسەن، خاوەنی رۆژنامەی خۆبوون، حالیسە داکالی، هاوسەرۆکی رۆژنامەڤانی لقی ئامەدی کۆمەڵەی پارێزەران بۆ ئازادی، سەزەن مەرجان، راوێژکاری راگەیاندن، ساڵیحە ئایدەنیز، هاوسەرۆکی دەبەپە و پەرلەمانتاری ئامەد، پارێزەران ئۆزووم ڤورگون، بونیامین شەکر، بەردان ئاکوون و پیرۆزهان کاراڵی، هەروەها شانۆکاران یاڤوز ئاککوزو، ئۆزجان ئاتەش و ئەلڤان کۆچەر یڵدرم، لەگەڵ ژمارەیەک سیاسەتڤانی دیکە دەستگیرکران.
پۆلیس هەروەها هەڵیانکوتایە سەر ماڵی "فەرهاد چەلیک" خاوەنی ئاژانسی میزۆپۆتامیا، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە ماڵەوە نەبووە دەستگیر نەکراوە. لە ژمارەیەک ماڵ و ناونیشاندا گەڕانی تیمەکانی پۆلیس بەردەوامە.
تەیب تەمەل، پەرلەمانتاری هەدەپە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە توویتەر لەمبارەیەوە نووسیویەتی "لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکاندا، دەسەڵات لە ترسی دۆڕان جارێکی دیکە دەستی بە ئۆپەراسیۆنی دەستبەسەرکردن کرد. بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئامەد دەیان هاوڕێمان دەستگیرکران، کە ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرایەتیی پارتەکەمان، جێگرانی هاوسەرۆک و ژمارەیەک رۆژنامەڤان، هونەرمەند و پارێزەریشیان تێدایە. لە دۆڕان رزگارتان نابێت".
لقی ئامەدی کۆمەڵەی پارێزەران بۆ ئازادی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە توویتەر نووسی "کەسانێکی زۆر لە بەڕێوەبەرانی لقەکەمان و ئەندامەکانمان دەستگیرکراون و دەستبەسەر کراون. لە باڵەخانەی کۆمەڵەکەمان و ماڵەکاندا پشکنین بەردەوامە. ئێمە لەبەرامبەر ئۆپەراسیۆنە سیاسییەکانی دژی کۆمەڵەکەمان و دامەزراوە دیموکراتییەکان، بێدەنگ نابین".