وەزیری ناوخۆی تورکیا ناسنامەی یەکێک لە هێرشکارەکانی ئەنقەرە ئاشکرا دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری ناوخۆی تورکیا، ناسنامەی یەکێك لەو هێرشکارەکانی هێرشەکەی دوێنێی ئەنقەرەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، "پیاوە کوژراوەکە، ئەندامی پەکەکەیە."
 
عەلی یەرلیکایا، رۆژی پێنجشەممە 24ـی تشرینی یەکەم لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "ناسنامەی ئەو تیرۆریستە پیاوە ئاشکرا بوو، کە لە هێرشە تیرۆریستییە خیانەتکارەکەی دوێنێدا لە کوژرا".
 
بە گوتەی یەرلیکایا ئەو کەسە ناوی عەلی ئۆرەک ـە و ناسراوە بە رۆژگەر و ئەندامی پەکەکەیە. وەزیری ناخۆی تورکیا دەڵێ، هەوڵەکان بۆ ناسینەوەی هێرشبەرە ژنەکە بەردەوامن.
 
کاژێر 03:00ـی دوای نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، 23-10-2024، لەلایەن دوو چەکدارەوە کرایە سەر دامەزراوەی پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانی لە ئەنقەرە. بە گوتەی وەزیری ناوخۆی تورکیا لە ‌هێرشەکەدا پێنج کەس کوژراون و 22 کەسیش بریندار بوون، هەروەها دوو چەکدارەکە کوژراون.
 
هەر دوای هێرشەکە، یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا پەنجەی تۆمەتی بۆ پەکەکە درێژ کرد و رایگەیاند، هەموو جارێک سزای پێویستیان دەدەن، بەڵام "هیچ کات عاقڵ نابن."
 
گولەر جەختیشیکردەوە کە "جارێکی دیکە دووبارەی دەکەمەوە. تا ئەوکاتەی دوایین تیرۆرست لەنێودەچێت، لەدوای ئەوانە نابینەوە و خەمی ئەو کارانەیان لێ دەردەکەین کە کردوویانە."