لە کۆجائەلیی تورکیا پۆلیسێکی خانەنشین دوای کوشتنی ژن و کوڕەکەی، خۆشی دەکوژێت
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای کۆجائەلی تورکیا پۆلیسێکی خانەنشین ژن و کوڕەکەی بە دەمانچە کوشت و کچەکەشی بریندار کرد، دواتر بە هەمان دەمانچە کۆتایی بە ژیانی خۆیشی هێنا.
رووداوەکە شەوی دووشەممە (23ـی تشرینی یەکەمی 2023) لە گەڕەکی مەرکەز لە ناوەندی شارۆچکەی گۆلجوک سەر بە پارێزگای کۆجائەلی روویدا.
پۆلیسێكی خانەنشین بە ناوی (نەوزاد. ئ.) بە هۆکارێکی نادیار تەقەی لە زولەیخای هاوژینی و ئۆگوڵجانی کوڕی و نورسەدای کچی کرد، دواتر بە هەمان دەمانچە تەقەی لە خۆی کرد.
لە رووداوەکەدا نەوزاد، زولەیخا و ئۆگوڵجان گیانیانلەدەستدا و نورسەدا بریندار بوو.
دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، تیمەکانی تەندروستی و هێزە ئەمنییەکان رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران. نورسەدا گواسترایەوە نەخۆشخانە و بەگوێرەی زانیارییەکان تەندروستیی ناجێگیرە و ژیانی لە مەترسیدایە.
بەپێی ئامارێکی پلاتفۆرمی 'تاوانی دژ بە ژنان دەوەستێنین'، لە ئەیلوولی ئەمساڵدا لە تورکیا و باکووری کوردستان 32 ژن کوژراون و 18 ژنی دیكەش بەشێوەیەكی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لەو 32 ژنە 12ـیان بەهۆی داوای جیابوونەوە، ئاشتنەبوونەوە، رەتکردنەوەی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی؛ یەک ژن بەهۆی رەوشی ئابووری و سێ ژن بە بیانووی ئەوەی لەگەڵ ئەو ژنانەدا بوون کە ئامانجی راستەقینە بوون، کوژراون. هۆکاری کوژرانی 16 ژنیش روون نییە.