حکومەتی تورکیا رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری وڵاتەکە کۆدەبێتەوە. رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە دەبێت.
 
کۆبوونەوەکە کاژێر 14:00ی ئەمڕۆ دووشەممە 24ی تەممووزی 2023 لە ئەنقەرە دەبێت و لە کاتێکدایە کە چەند رۆژێکە بۆردوومان و تۆپبارانی پێگەکانی پەکەکە لە بەرزاییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک زیادیان کردووە و پێکدادانی تووندیش لەنێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە روویداوە.
 
رۆژی شەممە 22-07-2023 وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاویکردەوە، لە هێرشێکدا کە لە رێگەی فڕۆکە جەنگییەکانیان و تۆپهاوێژەکانیانەوە ئەنجامدراوە، هەشت گەریلای پەکەکە لە هەرێمی کوردستان کراونەتە ئامانج و گیانیان لەدەستداوە. هەمان رۆژ ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هەپەگە بڵاویکردەوە، لە 48 کاژێردا هێزەکانی تورکیا بە چڕی بۆردوومان و تۆپبارانی چەندین پێگەیان لە چیای مەتین، گارە و زاپ کردووە و هێزیان دابەزاندووە و شەڕ و پێکدادانی سەخت روویداوە.
 
هەپەگە دەشڵێت، گەریلاکانی پەکەکە لە چەندین بەرەوە رووبەڕووی هێزەکانی تورکیا بوونەتەوە و لە ماوەی 48 کاژێردا 16 سەربازی تورکیایان کوشتووە و چوار سەربازی دیکەش برینداربوون.
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە باس دەکرێت، ئەوەش دوای سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ وڵاتانی کەنداو.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ئابووری ئەو وڵاتەش دەکرێت، ئەوەش لە کاتێکدایە یەک دۆلار بەرامبەرە بە 26.96 لیرە و ئەوەش کاریگەری لەسەر دۆخی هاونیشتمانییان و هاووڵاتییان هەبووە.