باخچەلی داوای داخستنی دەم پارتی دەکات و وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت: ناتوانرێت
رووداو دیجیتاڵ
یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شارەوانیی شارۆچکەی میدیاد لە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان بەڕێوەچوو. سەرۆکی شارەوانیی میدیاد سەر بە ئاکپارتییە و رەتیدەکاتەوە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گەورەشارەوانیی مێردین سروودی نیشتمانیی تورکیا نەگوترابێتەوە و دەڵێت، "تۆمەتەکان بێ بنەمان."
رۆژی 20-04-2024 وەیسی شاهین، سەرۆکی شارەوانی میدیاد دەڵێت، "بینیمان لە کارنامەکەدا سروودی نیشتمانی نییە. سەرۆکی شارەوانیمان ئاگادار کردەوە. گوتی، لە کۆبوونەوە داخراوەکاندا ناتوانرێت سروودی نیشتمانی بگوترێتەوە. ئێمە داوای ناوبڕێکمان کرد و پێنج خولەک ناوبڕمان وەرگرت. چووینە ژوورێکی جیاواز. بڕیارمان دا هۆڵی ئەنجوومەنەکە جێبهێڵین، ئەگەر رێگەیان نەدا سروودی نیشتمانی بگوترێتەوە. گەڕاینەوە بۆ هۆڵەکە و پێشنیارەکەمان بۆ کردن. پاشان ئەحمەد تورک گوتی: دەتوانن بیخوێننەوە. ئێمە 17 ئەندامی ئەنجوومەن کە لە ئاکپارتین، سروودی نیشتمانیی خۆمان گوتەوە. ئەوان لە شوێنی خۆیان دانیشتن و نەیانگوتەوە."
دوای گەورەشارەوانیی مێردین، تۆمەت خرایە پاڵ گەورەشارەوانیی ئامەد. هاوسەرۆکانی شارەوانی رەتیانکردەوە و رایانگەیاند، لە کۆبوونەوەنەی ئەنجوومەن ئاڵای تورکیا لە شوێنی خۆی بووە و سروودی نیشتمانی گوتراوەتەوە. وەزارەتی ناوخۆش پشکنەری رەوانە کرد.
رۆژی 21-04-2024 گەورەشارەوانیی وان دیمەنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شارەوانیی بڵاوکردەوە، لە هۆڵەکەدا ئاڵای تورکیا دانراوە و سروودی نیشتمانی دەڵێنەوە.
رۆژی 24-04-2024 تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، "با پەنجەمان لێ رانەوەشێنن، بۆئەوەی بمانخەنە ریزەوە، نەمانگونجێنن. جارێكی دیکە دووپاتی دەکەمەوە، سیاسەتی داخستن، رەشبگیری و هەڕەشە ئیدی گەیشتووەتە کۆتایی."
دەوڵەت باخچەلی ئەم هەلەی قۆستووەتەوە، بە تۆمەتی جوداخوازی داوای داخستنی دەم پارتی دەکات. رۆژی 16-04-2024 دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە گوتی، "دۆسیەی داخستنی هەدەپە کە دواخرا و بە ئەنقەست درێژکرایەوە، کۆتایی پێبێت، دواتر نۆرەی دەم بێت و دەرگای پارتە جوداخوازەکان قفڵ بکرێت و لە چوارچێوەی دەستووردا رێگری لە کردنەوەیان بەناوی دیکە بکرێت."
وەزیری دادی تورکیا وەڵامی دەوڵەت باخچەلی، هاوپەیمانی ئاکپارتی دایەوە، بەڵام هۆشداریشی بە دەم پارتی دا. رۆژی 23-04-2024 یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، "کەس نایەوێت حیزبێک دابخرێت، ناتوانرێت لەخۆڕا دۆسیە بۆ داخستنی حیزبێک بکرێتەوە. ئەگەر بڕگە ئیجباریەکانی دەستوور پشتگوێ بخەیت و هەڵوێستت نەبێت بەرامبەر بە تووندوتیژی و تیرۆر، بە پێچەوانەوە سیاسەتێک پیادە بکەیت کە پشتیوانییان لێبکات، ئەوا بێگومان لە بەرامبەر دۆسیە نەخوازراوی داخستن و ئەم رەخنانە بە تەنیا دەمێنیتەوە."
پارتی یەکسانیی دیموکراسیی گەلان - دەم پارتی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 31ی ئاداری ئەم ساڵ 82 شارەوانیی بردەوە. بەرپرسانی ئەو پارتە پێیان وایە، بۆئەوەی جارێكی دیکە قەیووم بخرێتە سەر شارەوانییەکانیان، تۆمەتیان بۆ هەڵدەبەستن.