ئەردۆغان: هەڵاوسان بۆ تاک ژمارەیی دادەبەزێنین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لە پارێزگای بورسە زنجیرەیەک بەڵێنی بە خەڵک دا و گوتی، پێداگرن لەسەر دابەزاندنی هەڵاوسان بۆ تاک ژمارەیی.
لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناخەی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی پاتری لە ناوچەی گەملیکی پارێزگای بورسە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد و بەشێکی زۆری تایبەت کرد بە دۆخی دارایی خەڵک و ئابووریی ئەو وڵاتە.
سەرۆککۆماری تورکیا، کە زووتر لێخۆشبوونی باجی راگەیاندبوو، گوتی، "لێخۆشبوونەکە ئەوانەش دەگرێتەوە کە لە ماڵەوە شت دروستدەکەن و لە رێگەی ئینتەرنێتەوە دەیفرۆشن. سنووری لێخۆشبوون لە 320 هەزار لیرەوە دەگەیێنینە 700 هەزار لیرە. کاسبکارانمان کە بە تاکسی، مینی پاس، پاس و بارهەڵگر کاری گواستنەوە و گەیاندن دەکەن، لە کاتی نوێکردنەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان بە هەمان جۆر، پارەی باجی گومرگ نادەن."
ئەردۆغان رەخنەی لەو شەش پارتە سیاسییەی وڵاتەکەی گرت کە هاوپەیمانیی میلـلەتیان پێکهێناوە و گوتی، "سپاردنی ئاسایش، ئارامی و بووژاندنەوەی وڵات بەو کەسانەی هێشتا نەیانتوانیوە لەنێوان خۆیاندا بگەنە رێککەوتن، جیاوازیی نییە لەگەڵ بەیەکەوەنانی ئاگر و بارووت."
سەرۆککۆماری تورکیا سووربوونی خۆی بۆ دابەزاندنی هەڵئاوسان لە وڵاتەکەیدا بۆ تاك ژمارەیی دووپات کردەوە.
بەگوێرەی راپۆرتی دامەزراوەی ئاماری تورکیا - تویک، لە ئاداری ئەمساڵدا هەڵاوسان 2.29% زیادبووە و بەو جۆرەش هەڵاوسانی ساڵانە گەیشتووەتە 50.51%.
بەگوێرەی رۆژژمێری دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، رۆژی 14ی ئایاری 2023 هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی بەڕێوەدەچێت؛ 36 پارتی سیاسی مافی بەشداریکردنیان لەم هەڵبژاردنانەدا هەیە؛ 24 پارتی سیاسیی لیستی بەربژێریان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان هەیە و 12 پارتەکەی دیکەش بەناوی هاوپەیمانییەوە دەچنە هەڵبژاردنەکانەوە.
هەر لەم هەڵبژاردنەدا 64 ملیۆن و 113 هەزار و 941 کەس مافی دەنگدانیان هەیە. 60 ملیۆن و 697 هەزار و 843 دەنگدەر لە ناوخۆی تورکیا و 3 ملیۆن و 416 هەزار و 98 دەنگدەریش وەکو رەوەندی ئەو وڵاتە لە دەرەوەی تورکیا دەچنە سەر سندووقی دەنگدان.