ئەردۆغان: لە 31ـی ئاداردا ئیستەنبووڵ بە سەدەی نوێی تورکیا ئاشنا دەکەینەوە

رووداو دیجیتاڵ

لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، لە 31ـی ئاداردا بە چارەکردنی کێشەکانیان، ئیستەنبووڵ بە سەدەی نوێی تورکیا ئاشنا دەکەنەوە.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 24ـی ئاداری 2024) گردبوونەوەی جەماوەری رێکخستنەکانی ئاکپارتی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەتاتورک بەڕێوەچوو. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی گوتارێکی پێشکێشکرد.  
 
لە گوتارەکەیدا ئەردۆغان رایگەیاند "لە 31ـی ئاداردا ئەم شارە لەدەست هزری جەهەپە رزگار دەکەین و لەگەڵ موراد کوڕوم سەردەمێکی نوێ لە ئیستەنبووڵ دەستپێدەکەین. بۆ ئەم مەبەستە ئەم هەفتەیە زۆر خۆمان ماندوو دەکەین. لەگەڵ ئەوانەی پێیانوایە خاوەنی ئیستەنبووڵن و نە لە شارەکە و نە لە خەڵکی شارەکە تێگەیشتوون، ناگەینە هیچ شوێنێک."
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، لەبارەی دروستکردنی هێڵە جیاوازەکانی میترۆ، رەخنەی تووندی لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئێستای ئیستەنبووڵ و بەربژێری جەهەپە بۆ هەمان پۆست گرت و گوتی "بەبێ ئەوەی شەرم دایبگرێت، دەڵێ 'میترۆمان دروست کردووە.' دروستکردنی هەموو میترۆی ئیستەنبووڵ هی ئێمەیە، لە سایەی جەهەپە ئیستەنبووڵ لە پێنج ساڵی رابردوودا 30 ساڵ چووەتە دواوە، گەڕاوەتەوە سەردەمی 1989-1994. هیچ کارێک و خزمەتگوزارییەک بەرچاو ناکەوێت."
 
رەخنەشی لە بەرپرسانی جەهەپە گرت و گوتی "نیوەیان لە خلیسکانێی سەر بەفر، نیوەیان لە پشوو و نیوەی دیکەیان لە پیلانگێڕیی دوورخستنەوەی سەرۆکیاندان، ئیدی هیچ کاتێکیان بۆ نامێنێت. ئەرکی ویژدانی ئێمەیە کە بۆ شارەکە و دانیشتووانەکەی، ئیستەنبووڵ لەدەست ئەمانە رزگار بکەین."
 
ئەردۆغان هەروەها رایگەیاند "ئیستەنبووڵ لەبەردەم دووڕیانێکدایە، لایەنێکیان دەڵێ من و لایەنێکی دیکەش دەڵێت، ئیستەنبووڵ. پشت بەخوا، لە 31ـی ئاداردا بە چارەکردنی کێشەکانیان، ئیستەنبووڵ بە سەدەی نوێی تورکیا ئاشنا دەکەینەوە." 
 
ئەردۆغان بەبیر لایەنگرانی هێنایەوە کە ئەو چەند کاری بۆ ئیستەنبووڵ کردووە، گوتی "کاتێک منتان کردە سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبووڵ ئەم شارە نغرۆی زبڵ و قوڕ ببوو. من و ستافەکەم کەنداوی ئیستەنبووڵمان لە پیسی و قوڕ رزگار کرد."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەردۆغان ئاماژەی بە خزمەتگوزارییەکانی خۆی و پارتەکەی بۆ ئیستەنبووڵ کرد و رایگەیاند "لە 21 ساڵی رابردوودا یەک ترلیۆن و 650 ملیار لیرە سەرمایەگوزاری گشتی لە ئیستەنبووڵ کراوە. پابەندین بەو بنەمایانەی لە ساڵی 1994ـەوە ئەمانەتی ئەو شارەمان وەرگرت و لە ساڵی 2002ـشدا بەرپرسیاریێتی هەموو تورکیامان لە ئەستۆ گرت. لە کەرتی تەندروستی 178 ناوەندی پزیشکیمان دروستکردووە، کە بە گشتی 18 هەزار و 417 قەرەوێڵە لەخۆدەگرێت."
 
جەختیشی لەوە کردەوە کە، "خۆمان دەگەیێنینە ئەو برایانەمان کە لە هەڵبژاردنی پێشوو دەنگیان بە بەربژێرەکانی دیکە داوە و ئاستی دابەزینی شارەکەمانیان تێدەگەیێنین. ئیدی توانای ئەوەمان نەما پێنج ساڵی دیکە ئیستەنبووڵ لەدەست بدەین. بۆیە بە مەبەستی بەدەستهێنانی دڵ و دەنگەکەی، واز لە هیچ دەنگدەرێکی ئیستەنبووڵ ناهێنین".
 
لە کۆتاییدا گوتارەکەیدا، ئەردۆغان بۆ بەشداربووانی گردبوونەوەکەی ئیستەنبووڵ رایگەیاند "کامە لایەنی سیاسی بێت کێشە نییە، من متمانەم بە هۆشیاری خەڵکی ئیستەنبووڵ هەیە. لە ناخی دڵمەوە باوەڕم بەوە هەیە کە ئیستەنبووڵ لە 31ـی ئاداردا شەرمەزارمان ناکات".