11 سەربازەکەی تورکیا لە سلێمانی مشتومڕی لە پەرلەمانی تورکیا دروستکرد
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی تورکیا لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی وڵاتەکەی تایبەت بە تاوتوێکردنی بودجەی وەزارەتەکەی، لەبارەی ئەو 11 سەربازەی سوپای تورکیا پرسیاری لێکرا کە ساڵی 2003 لەکاتی جەنگی ئەمریکا و عێراق لە سلێمانی دەستگیرکران.
پرسیارەکە لەلایەن ئایتون چرای، پەرلەمانتاری ئیی پارتییەوە کرا و ئەوەش وایکرد، خولوسی ئاکار زۆر تووڕە ببێت و هەردوولا بە تووندی وەڵامی یەکدی بدەنەوە.
رۆژی 4-7-2003دا 11 سەربازی سوپای تورکیا لەلایەن هێزێکی سوپای ئەمریکاوە دەستگیرکران و توورەکە لەسەریان کرا و ماوەی 60 کاژێر دەستبەسەرکران.
خولوسی ئاکار رۆژی 30-8-2011 بووە سوپاسالاری تورکیا و رۆژی 27-1-2015 مەدالیای لێهاتوویی لە لایەن رەی ئۆدێرنۆ، سوپاسالاری ئەو کاتەی ئەمریکاوە پێ سپێردرا.
دەمەقاڵێی نێوان ئایتون چرای، پەرلەمانتاری ئیی پارتی و خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا
ئایتون چرای: هەرچەندە ئەمە هەڵدانەوەی پەڕاوی کۆنە، بەڵام کە لێرەی با بپرسم: ئێوە مەدالیای "توانای کار"تان لە لایەن ئۆدێرنۆ، ئەو فەرماندە ئەمریکییە وەرگرت کە لە سلێمانی فەرمانیکرد توورەکە بکرێتە سەری سەربازانی تورکیا. ئەو کاتەی ئەو مەدالیایەتان وەرگرت، پەکەکەییەکان لە ئیدیل بە فەرمی و بە چەکەکانیانەوە تێدەپەڕین. بۆچی ئەو خەڵاتەتان لە کەسێک قبووڵکرد کە شکۆی هێزە چەکدارەکانی تورکیای لەگەڵ زەوی تەخت کرد؟ ئەگەر ئەو مەدالیایەتان رەتبکردایەتەوە، ئەنجامەکەی چی دەبوو؟ ئایا رێگرییان لێدەکردیت ببیتە سوپاسالار؟
خولوسی ئاکار: ئایا تەنیا من ئەو مەدالیایەم وەرگرت؟ بێ زانیاری قسە مەکەن.
ئایتون چرای: ئێوە بۆچی هاوار دەکەن؟
خولوسی ئاکار: بێگومان هاوار دەکەم
ئایتون چرای: ئەمە نیشانەی لاوازیتانە.. دەمەوێ بڵێم...
خولوسی ئاکار: شاشەیەکت لە بەردەمت داناوە و پڕوپاگەندە دەکەیت
ئایتون چرای: بە هاوارکردن نابیتە خاوەن ماف، تەنیا لاوازیتان دەردەخەن.
خولوسی ئاکار: هەمان شت دەجوون، وەکو بنێشت.. سەیری لیستەکە بکە، کەس نییە وەرینەگرتبێت.
ئایتون چرای: تکایە کاتی قسەکردن زیادبکەن... ئێستا ئەوە گرنگە کە ئەو مەدالیایەتان لە کێ وەرگرتووە؟ باسی ئەوە دەکەم. مەدالیاتان لە فەرماندەیەک وەرگرتووە کە توورەکەی لە سەری سەربازی تورکیا کردووە، براکەم! من پرسیار دەکەم.
خولوسی ئاکار: کامێرات لەبەردەمت داناوە و دوای کەمێکی دیکە بڵاویدەکەیتەوە و نمایش دەکەیت تا دەنگ بهێنیت. ئەی نایبینی!
ئایتون چرای: تۆ سوپاسالار بوویت لەم وڵاتە، وانییە؟ چەندە شوورەییە! یەکەمجارە ببینم سوپاسالارێک جنێو دەدات.