لە ئەنقەرە تەقینەوە روویدا و کوژراو و بریندار هەن

 
رووداو دیجیتاڵ

لەبەردەم دامەزراوەی پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانی لە ئەنقەرە تەقینەوەیەک روویدا و کوژراو و بریندار هەن.
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا هێرشەکە بە "تیرۆریستی" ناودەبات و دەڵێت، "شەهید و بریندارمان هەن".
 
کەمێک پێش ئێستا، لە هەمان شوێنی پێشوو، تەقینەوەیەکی دیکە روویدا.
 
پێش ئەوەی تەقینەوەکە رووبدات، شەڕە تەقە لەنێوان چەکدارەکان و هێزە ئەمنییەکانی تورکیادا روویداوە.

 

 

 
بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاوبوونەوتەوە، یەکێک لە چەکدارەکان دوای رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی تورکیا، خۆی تەقاندووەتەوە.
 
هێشتا ناسنامەی چەکدارەکان نازانرێت. بەگوێرەی زانیارییەکان، چەکدارەکان چەند کەسێکیان بە بارمتە گرتووە. تاوەکو ئێستا ژمارەی کوژراو و بریندارانی هێرشەکە ئاشکرا نەکراوە.

 

عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، هێرشەکە کراوەتە سەر "کۆمەڵگەی تایبەتی سەر بە کۆمپانیای پیشەسازیی بەرگری و بۆشایی ئاسمان (توساش TUSAŞ) لە ناوچەی کاهرامانکازان لە ئەنقەرە کراوە". 
 
 
کۆمپانیای توساش، کۆمپانیایەکی پشکدارە سەر بە سەرۆکایەتیی پیشەسازیی بەرگریی تورکیایە و سیستمی بۆشایی ئاسمان، مانگی دەستکرد، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێلیکۆپتەر دروست دەکات.