لە تورکیا شەش ئۆتۆمبێل پێکیاندادا و کەسێک گیانی لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای ئافیۆنکاراهیساری تورکیا، کەسێک گیانی لەدەستدا و 15 کەسی دیکەش برینداربوون.
 
رووداوەکە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 23-10-2024، لە گوندی چایریازی لە شارۆچکەی چای سەر بە پارێزگەی ئافیۆنکاراهیسار روویدا؛ دوای ئەوەی شەش ئۆتۆمبێل خۆیان بەیەکدا کێشا.
 
تیمەکانی تەندروستی، پۆلیس و بەرگریی شارستانی گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و بریندارەکانیان رەوانەی نەخۆشخانە کرد.
 
بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە یەکێک لە بریندارەکان گیانی لەدەستدا.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، لە 6 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 344 هەزار و 906 رووداوی هاتووچۆ لە باکووری کوردستان و تورکیا روویانداوە کە تێیاندا هەزار و 533 کەس گیانیان لەدەستداوە و 215 هەزار و 646 کەسی دیکەش برینداربوون.