پەرلەمانتارێکی ئاکپارتی لەبارەی ئەگەری پرۆسەی چارەسەری: گرنگە دەم پارتی و لایەنەکان زوو بڕیار بدەن

 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی مێردینی ئاکپارتی دەڵێت، بۆئەوەی پرۆسەیەکی نوێی چارەسەریی پرسی کورد لە تورکیادا هەبێت و ئەنجامیشی هەبێت، پێویستە دەم پارتی و لایەنەکانی دیکە زوو بڕیارێک بدەن.
 
فارووق کڵچ، پەرلەمانتاری مێردینی ئاکپارتی ئەمڕۆ چوارشەممە میوانی بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) بوو و گوتی، بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەکی نوێی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیادا، هەنگاوێک نراوە و لەو چوارچێوەیەدا قسەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کە داوای کرد ئۆجەلان لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا قسە بکات، بەهادارن.
 
ئەو پەرلەمانتارەی ئاکپارتی دەڵێت، پێویستە دەم پارتی لە نێوخۆدا بابەتەکە تاوتوێ بکات و پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان و سەرجەم لایەنەکانی دیکەش زوو گفتوگۆی بکەن.
 
ئەو پەرلەمانتارەی ئاکپارتی گوتی، "جاری پێشوو پرۆسەی ئاشتی بە باشی و بە نیازێکی باش دەستیپێکرد، بەڵام دواتر شکستی هێنا، چونکە زۆری خایاند و دەستی دیکە کەوتە نێوی؛ بۆئەوەی ئەم جارە دەستی دیکەی نەکەوێتە نێو، پێویستە دەم پارتی و لایەنەکانی دیکە زوو لەو بارەیەوە بڕیار بدەن."
 
ئەو پەرلەمانتارەی ئاکپارتی هەڵوێستی دەم پارتیی دوای پەیامەکەی دەوڵەت باخچەلی بە ئەرێنی ناوبرد و گوتی، "ئەگەر ئەم قۆناخە بە نیازێكی پاک و باش تاوتوێ بکرێت، بە پشتیوانیی خودا ئەنجام بەدەست دەهێنین. وەکو سەرۆککۆمارمان ئاماژەی پێدا، ئێمە نامانەوێت لە نێوخۆماندا نائارامی هەبێت. دەمانەوێت لە تورکیادا ئارامی هەبێت. ئەو ستەمەی ئیسرائیل کە لە غەززە و فەلەستین، سووریا و یەمەن دەیکات و سبەی نۆرەی ئێرانە، نامانەوێت بەو ئاگرە ئێمەش بسووتێین، دەمانەوێت بە یەکگرتوویی درێژە بە برایەتیی خۆمان بدەین."
 
چەند رۆژێکە رۆژەڤی سەرەکیی سیاسەتی تورکیا پرۆسەیەکی نوێی چارەسەری پرسی کوردە؛ بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیا لەم رۆژانەی دواییدا پەیامی جیاوازیان لەبارەی پرسی کورد هەبووە.
 
دوای ئەوەی سەرۆکی مەهەپە رۆژی 1ی تشرینی یەکەم کە رۆژی کردنەوەی خولی نوێی پەرلەمان بوو، تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد، رۆژی 22ی تشرینی یەکەم هەنگاوێکی دیکەی نا و بانگی لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد کە "بێت بۆ پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت، تیرۆر بە تەواوی کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە."