ئەردۆغان لەبارەی هێرشەکەی ئەنقەرە: چوار شەهید و 14 بریندارمان هەن


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا لە تەتەرستانەوە و لە لووتکەی بریکس باسی لە تەقینەوەکەی ئەنقەرە کرد و کوژرانی چوار کەس و برینداربوونی 14ی دیکەی راگەیاند.
 
دوای ئەوەی کاژێر 03:00ـی دوای نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، 23-10-2024، هێرشکرایە سەر دامەزراوەی پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانی لە ئەنقەرە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی لووتکەی بریکس بوو کە بە سەرپەرشتیی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بەرێوەدەچێت.
 
ئەردۆغان زانیاریی لەبارەی تەقینەوەکە لە عەلی یەرلیکایا، وەزیری نێوخۆی وڵاتەکەیەوە پێگەیشت و لەلایەن پووتین و بەرپرسانی دیکەی وڵاتانەوە سەرەخۆشیی ئاراستە کرا.
 
ئەردۆغان گوتی: "بە تایبەتی بۆ پرسەنامەکانتان، سوپاستان دەکەم. چوار شەهیدمان هەن. هەروەها 14 بریندارمان هەن. ئەم هێرشە تیرۆریستییە قێزەونە بە نەفرەت دەکەم و داواکارم لە خوای گەورە لە شەهیدانمان خۆش بێت".
 
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند: "هێرشێکی تیرۆریستی لە کۆمەڵگەی تایبەتی سەر بە کۆمپانیای پیشەسازیی بەرگری و بۆشایی ئاسمان (توساش TUSAŞ) لە ناوچەی کاهرامانکازان لە ئەنقەرە کراوە".
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا باسی لەوەشکرد، 4 کەس لە هێرشەکەدا کوژراون و 14 کەسی دیکەش بریندارن کە تەندروستیی 3 لە بریندارەکان ناجێگیرە. 
 
توساش، کۆمپانیایەکی پشکدارە و سەر بە سەرۆکایەتیی پیشەسازیی بەرگریی تورکیایە؛ سیستمی بۆشایی ئاسمان، مانگی دەستکرد، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێلیکۆپتەر بەرهەمدەهێنێت.
 
لووتکەی بریکس چییە؟
 
بریکس (BRICS) پێنج پیتی کورتکراوەی ناوی هەریەکە لە وڵاتانی بەرازیل، رووسیا، هیندستان، چین و ئەفریقای باشوورە.
 
ئەو گرووپە لە وڵاتان لە ساڵی 2006 یەکیانگرت و لە ساڵی 2009 یەکەم لووتکەیان بەست، ئەوکات ناوی لووتکەکە بریک (BRIC) بوو، چونکە تەنیا لە بەرازیل، رووسیا، هیندستان و چین پێکدەهات، بەڵام ساڵێک دواتر و لە ساڵی 2010 ئەفریقای باشووریش چووە نێو گرووپەکە و ناوی لووتکەکەش گۆڕا بۆ بریکس (BRICS).
 
ئامانج لەم هاوپەیمانێتییە تەحەدای قۆرخکاریی ئابووری و سیاسییە لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە. ئەم ساڵ 16یەم جارە لووتکەکە بەڕێوەدەچێت.
 
ساڵی رابردوو (2023) لووتکەکە بانگهێشتی هەریەکە لە میسر، ئەسیوپیا، ئێران، سعودیە و ئیماراتی کرد، ئەوەش دوای ئەوەی ئەو وڵاتانە داواکارییان بۆ بوونە ئەندام تێیدا پێشکێش کرد؛ بەڵام سعودیە هێشتا بە فەرمی نەبووەتە ئەندام، ئەوانی دیکە بە فەرمی ئەندامن تێیدا.
 
هەریەکە لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و فام مین چین، سەرۆکوەزیرانی ڤیێتنام و چەند وڵاتێکی دیکەش دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەندامانی بریکس قووڵتر بکەنەوە و بەشداریی لووتکەکەیان کردووە.