41 کۆچبەری نایاسایی لە ئیزمیر دەستگیر کران
رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیادا لە پارێزگای ئیزمیر 41 کۆچبەری نایاسایی دەستبەسەر کران.
فەرماندەیی ئاسایشی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزە ئەمنییەکانیان ئۆپەراسیۆنێکیان لە کەناراوەکانی سنووری شارۆچکەی کارابورون لە ئیزمیر ئەنجامداوە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا 41 کۆچبەری نایاساییان لە بەلەمێکدا دەستبەسەر کردووە کە دەیانویست بچنە ئەورووپا.
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، 20 کەس لەو کۆچبەرانە منداڵن.
دوای جێبەجێکردنی رێکارە یاساییەکان، کۆچبەرەکان بە مەبەستی دیپۆرتکردنەوەیان رەوانەی فەرمانگەی کۆچی پارێزگاکە کران.
بە گوێرەی ئاماری فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا، ساڵی 2023 تیمەکانی فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکان 75 هەزار و 785 جار هەڵمەتی گەڕانیان ئەنجام داوە و 27 هەزار و 98 کۆچبەریان لەنێو دەریا و کەناراوەکان دەستبەسەرکردووە.
مانگانە سەتان کۆچبەر لە تورکیاوە هەوڵی چوونە ئەورووپا دەدەن.