زیاتر لە 1.5 ملیۆن دەنگدەر لە دەرەوەی تورکیا دەنگیان داوە

رووداو دیجیتاڵ 

دەنگدانی رەوەندی تورکیا و باکووری کوردستان بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بەردەوامە؛ لە ماوەی سێ رۆژدا، زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار دەنگدەر دەنگیان داوە. 
 
بەگوێرەی داتاکانی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، تاوەکو کاژێر 22:00ـی رۆژی دووشەممە (22ـی ئایاری 2023) یەک ملیۆن و 500 هەزار و 26 کەس لە دەرەوەی وڵات لە میانی بەشداریکردنیان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماردا، دەنگیان داوە.
 
بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا، کە رۆژی یەکشەممە 28ـی ئایار لە نێوخۆی تورکیا بەڕێوەدەچێت، رۆژی شەممە 20ـی ئایار لە دەرەوەی تورکیا دەنگدان دەستیپێکرد.
 
ئەم دەنگدانە رۆژی شەممە 20ـی ئایار لە دەرەوەی تورکیا دەستیپێکرد و لە نوێنەرایەتییەکانی تورکیا لە دەرەوە تاوەکو رۆژی 24ـی ئایار و لە دەروازە سنوورییەکانیش تاوەکو کاژێر 17:00ـی رۆژی یەکشەممە، 28ـی ئایار بەردەوام دەبێت.   
 
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا کە لە هەمانکاتدا بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوورە رێژەی 49.52٪ـی دەنگەکان و کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە و بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت 44.88٪ـی دەنگەکانیان بەدەستهێنا.
 
بە هۆکاری ئەوەی هیچ کام لە بەربژێرەکانی سەرۆککۆمار 50 کۆ یەکی دەنگەکانی بەدەستنەهێنا، هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کەوتە گەڕی دووەم.