ئهردۆغان لە باکووری کوردستان: درێژە به ئاوەدانکردنەوەی شاره زیانبەرکەوتووەکان دەدەین
رووداو دیجیتاڵ
سهرۆکكۆمارى توركیا دەڵێت، دواى ئهوهى له ههڵبژاردنهكانى 14ـی ئایاردا سهردهكهون، درێژە به ئاوەدانکردنەوەی شاره زیانبەرکەوتووەکانی باکووری کوردستان و تورکیا دهدهن.
ئێوارەی رۆژی 22ـی نیسانی 2023، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتە، لە رێوڕەسمی رادەستکردنی کلیلی خانووی گوندەکانی مەستیوک و باڵپناری سەر بە شارۆچکەی نورداغی پارێزگای دیلۆک لە باکووری کوردستان، گوتارێکى پێشکێشكرد.
ئەردۆغان لهبارهى دروستكردنى یهكهى نیشتهجێبوون لهو ناوچانهى كه له بوومهلهرزهكەدا زیانیان بهركهوت، گوتى "پلان بۆ دروستكردنى 50 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە ناوەندی شاری غازی عەنتاب دادهنێین، ئەوە جگە لەو 50 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونهى لە شارۆچكهكانى نورداغی و ئیسلاحیە دروستیان دەکەین"؛ گوتیشى: "دواى ئیسڵاحیه، ناوچهى پیشهسازی له نورداغى دروست دهكهین".
لهبارهى دروستكردنى خانووش بۆ خەڵکی ناوچه زیانبەرکەوتووەکان، ئهردۆغان رایگهیاند: "دەستمان بە دروستکردنی زیاتر لە 105 ھەزار خانوو کردووە. بناخەی نزیکەی نیوەی ئەو خانووانەمان داناوە".
لەبارەی مەترسیی رووخانی باڵەخانە کۆنەکانی ئیستەنبووڵیش بەهۆی ئەگەری بوومەلەرزەوە، ئهردۆغان گوتی، ئامانجیان ئهوهیه له ماوهى پێنج ساڵدا لە ئیستەنبووڵ هیچ باڵهخانهیهك نەهێڵن كه مهترسى رووخانى بههۆى بوومهلهرزهوه لهسهر بێت.
کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 6ـی شوباتی 2023، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر کە چەقەکەی مەرەشی باکووری کوردستان بوو، 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو ئێستا 50 هەزار و 783 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 107 هەزار 204 کەس برینداربوون.
بوومەلەرزەکە زیانی گەورەی بە رۆژئاوای کوردستان و سووریاش گەیاند و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 6 هەزار کەس لەو پارچەیەی کوردستان و سووریا گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی رۆژژمێری هەڵبژاردن، رۆژی 14ـی ئایاری 2023 هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانیی تورکیا دەکرێت. 36 پارتی سیاسی مافی بەشداریکردنیان لەم هەڵبژاردنانەدا هەیە.
هەر لەم هەڵبژاردنەدا 64 ملیۆن و 191 هەزار و 285 کەس مافی دەنگدانیان هەیە. 60 ملیۆن و 904 هەزار و 499 دەنگدەر لەناوخۆی تورکیا و 3 ملیۆن و 286 هەزار و 786 دەنگدەریش لە دەرەوە دەنگ دەدەن.