راوێژکارە کوردەکەی ئەردۆغان لە ئاکپارتی دەستی لەکار کێشایەوە
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارە کوردەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دەستی لەکار کێشایەوە و بە رووداوی گوت "بوومەتە بەربژێری پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ بۆ گەورەشارەوانی رووها."
محەممەد قاسم گولپنار، راوێژکاری سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی لە رووها، دەستلەکارکێشانەوەی لە پارتەکەی و پەیوەندیکردنی بە پارتی (سەرلەنوێ رەفاهـ) راگەیاند.
دوای ئەوەی ئاکپارتی، زەینەل عابدین بەیازگول، سەرۆکی ئێستای شارەوانی رووهای بەربژێر کرد بۆ گەورەشارەوانی پارتەکەی لە رووها بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە بڕیارە لە 31ـی ئاداری ئەم ساڵ بکرێت، محەممەد قاسم گولپنار، پەرلەمانتاری پێشووی ئاکپارتی، پارتەکەی بەجێهێشت و پەیوەندی بە پارتی سەرلەنوێ رەفاهەوە کرد.
محەممەد قاسم گولپنار کە بۆ ماوەی چوار خول پەرلەمانتاری پارتی داد و گەشەپێدان-ئاکپارتی بوو لە بازنەی رووها، ئەمڕۆ سەردانی فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهی کرد و لەلایەن ئەو حزبەوە وەک بەربژێری گەورەشارەوانی رووها راگەیێندرا.
محەممەد قاسم گولپنار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بوومە بەربژێری پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ بۆ گەورەشارەوانی رووها، بەو پێیەی ئێستا کاتێکی زۆرم نییە، دواتر بە وردی باسی پرۆسەکە بۆ میدیا دەکەم".
فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، وێنەیەکی خۆی و گولپناری بڵاوکردووەتەوە و دەڵێ، "راوێژکاری سەرۆککۆمار و ئەندامی دەستەی ئاکپارتی و ئەندامی پەرلەمان بۆ خولی 24-25-26 و 27ـی رووها محەممەد قاسم گولپنار، پەیوەندی بە سەرلەنوێ رەفاهەوە کرد و بووە بەربژێری گەورەشارەوانی شارەوانی رووها."
لە رووها ناڕەزایەتییەکان لە بەرامبەر بەربژێرکردنی زەینەل عابدین بەیازگول زیادیکردووە و زۆربەی خەڵک داوای گۆڕینی دەکەن.
فاتیح ئەربەکان دامەزرێنەر و سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهی ئیسلامییە کە لە ساڵی 2018 دامەزراوە. کوڕی نەجمەدین ئەربەکان دامەزرێنەری پارتی رەفاهی ئیسلامی و دواتر فەزیلەی ئیسلامییە کە هەردوو پارتەکە داخران.
نەجمەدین ئەربەکان، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا بوو و لە ساڵانی 1996-1997 بە کودەتایەکی سەربازیی کۆتایی بەدەسەڵاتەکەی هێنرا.