دەم پارتی بۆ دەسەڵاتی تورکیا: دانانی قەییوم نامانترسێنێت
رووداو دیجیتاڵ
لەبارەی دانانی قەییوم بۆ شارەوانیی دێرسم و شارەوانیی شارۆچکەی پلووری پارێزگای دێرسمی باکووری کوردستان، دەم پارتی بە دەسەڵات دەڵێت، "ئەگەر پێتان وابێت بە دانانی قەییوم پارتەکەمان دەترسێنن، بە هەڵەدا چوون."
رۆژی هەینی 22-11-2024 پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) وەکو کاردانەوەیەک دژی دانانی قەییوم بۆ شارەوانیی دێرسم و شارەوانیی شارۆچکەی پلووری سەر بە پارێزگای دێرسم، لە هەژماری خۆیدا لە ئێکس نووسی، حکومەتی تورکیا لە رێگەی دانانی قەییومەوە ویستی گەل لەنێودەبات.
دەم پارتی ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە ئەنجامی بڕیارە سیاسییە قەییوومییەکان، ئەمڕۆ دەست بەسەر شارەوانییەکانی دێرسم و پلووریدا گیرا."
دەم پارتی بە دەسەڵات دەڵێت، "ئەگەر پێتان وایە بە پێداگریکردن لەسەر کودەتای قەییوم پارتەکەمان دەترسێنن، ئەگەر پێتان وایە دەتوانن وا لە گەل بکەن واز لە بژاردە سیاسییەکانی خۆی بهێنێت، وا لە کۆمەڵگە بکەن ئەو کودەتایە قبووڵ بکات، بە هەڵەدا چوون."
ئەمڕۆ هەینی 22ی تشرینی دووەمی 2024 وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، بڕیاری دانانی قەییومی بۆ شارەوانیی دێرسم و شارەوانیی شارۆچکەی پلوور بڵاوکردەوە.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، جەودەت کۆناک، هاوسەرۆکی شارەوانیی دێرسم "لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە کەیسی پەکەکە/کەجەکە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە و بانگەشەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆریستی، داواکاری گشتی بە تۆمەتنامەی ژمارە 1146/2024 داوای 6 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردنی کردووە."
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ئاماژە بەوەش دەکات، بڕیاردراوە بە دوورخستنەوەی جەودەت کۆناک بەپێی مادەی 47ـی یاسای ژمارە 5393ـی یاسای شارەوانییەکان و مادەی 127ـی دەستووری تورکیا، بەهۆی ئەوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەی کۆتایی نەهاتووە.
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بەپێی هەردوو مادەی 45 و 46ـی یاسای ژمارە 5393ـی یاسای شارەوانییەکان، بڕیاردرا بە دانانی بولەند تەکبییکئۆغڵو، پارێزگاری دێرسم وەک سەرۆک شارەوانیی دێرسم بە وەکالەت.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە هەمان راگەیێندراویدا سەبارەت بە دانانی قەییوم بۆ شارەوانیی شارۆچکەی پلوور رایگەیاندووە، مستەفا ساریگوڵ، سەرۆکی شارەوانیی پلوور "لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە کەیسی پەکەکە/کەجەکە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە و بانگەشەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆریستی، داواکاری گشتی بە تۆمەتنامەی ژمارە 1146/2024 داوای 6 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردنی کردووە".
راگەیێندراوەکە دەڵێت، "بەهۆی ئەوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوە دانەخراوە و کۆتایی نەهاتووە، بڕیاردرا بە دوورخستنەوەی مستەفا ساریگوڵ لە ئەرکی سەرۆک شارەوانی، بەپێی مادەی 47ـی یاسای ژمارە 5393ـی یاسای شارەوانییەکان و مادەی 127ـی دەستووری تورکیا. هەروەها بەپێی هەردوو مادەی 45 و 46ـی یاسای ژمارە 5393ـی یاسای شارەوانییەکان، بڕیاردرا بە دانانی حوسێن شامیل سۆزەن، قایمقامی شارۆچکەکە وەک سەرۆک شارەوانیی پلوور بەوەکالەت''.