ئەردۆغان دەڵێت، نەوتی زۆریان لە باکووری کوردستان دۆزیوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، نەوتی زۆریان لە هەندێک ناوچەی باکووری کوردستان دۆزیوەتەوە و ئێستاش لەو ناوچانەدا کار دەکەن.
ئەمڕۆ هەینی 22ی تشرینی دووەمی 2024 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆڕبەندی وزەی ئیستەنبووڵ قسەی کرد و لە بەشێکیدا لەبارەی دۆزینەوەی نەوت و کارکردن لەو ناوچانەی نەوتیان تێدایە، قسەی کرد.
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، "پێشتر لە چیای گابار (پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان) بەهۆی تیرۆرەوە نەماندەتوانی پشکنین و گەڕان لە بواری نەوتدا بکەین. ئێستا نەوتی زۆرمان لەو ناوچانە دۆزیوەتەوە و کاری لەسەر دەکەین."
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش کرد، لە ساڵی 2024دا لە ناوچە جیاوازەکان و لە سەرووی هەموویانەوە شرنەخ، جۆلەمێرگ و وان لە باکووری کوردستان 84 کاری هەڵکەندنیان تەواو کردووە و 66 ملیۆن بەرمیل یەدەگی نوێیان دۆزیوەتەوە.
دەربارەی کاریگەریی جەنگی رووسیا - ئۆکراینا لەسەر کەرتی وزە، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، ئەو جەنگە "هەزار رۆژی تێپەڕاندووە و مەترسییەکانی پابەندبوونی بە دەرەوە خستەڕوو، بەتایبەتی لە بواری وزەدا. تورکیا لە سایەی ئەو پەیوەندییە هاوسەنگەی لەگەڵ هەردوو لایەنی شەڕەکە دروستیکرد، یەکێک بوو لەو وڵاتانەی بە ئاسانی لەم قۆناخە نالەبارە رزگاری بوو."
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، "سوورین لەسەر ئەوەی وڵاتەکەمان لە هیچ بوارێکدا، لەوانەش بواری وزە، چاوی لە دەستی دەرەکی نەبێت" و ئاماژەی بە زیادبوونی بەرهەمی نێوخۆیی تورکیا لە بەرهەمهێنانی رۆژانەی گاز کرد و رایگەیاند، "بەرهەمی رۆژانەمان لە کێڵگەی گازی ساکاریا لەسەر دەریای رەش گەیشتووەتە حەوت ملیۆن مەترسێجا. لەگەڵ کێڵگەکانی دیکەمان تێکڕا بەرهەمی رۆژانەی نێوخۆییمان بۆ هەشت ملیۆن مەتر سێجا بەرزکردووەتەوە."
ئەردۆغان باسی لە هەوڵەکانی حکومەتی وڵاتەکەی لە بواری وزەی ئەتۆمیدا کرد و رایگەیاند، "ئامانجمانە لە بواری وزەی ئەتۆمییدا تاوەکو ساڵی 2050 ببین بە خاوەنی توانایەکی 20 هەزار مێگاواتی." گوتیشی: "ناچارین پابەندی ئەوەش بین کە لە پاڵ بەرهەمهێنانی وزە، هەوڵی کەمکردنی بەکارهێنان و رێگریکردن لە زێدەڕۆییەکەی بدەین."
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لە وێستگەی ئەتۆمی ئاکویو کرد و رایگەیاند، "کاتێک ئاکویو کەوتەکار 10٪ی پێویستی کارەبای تورکیا دابین دەکات."