لە ئیستەنبووڵ دوو کۆچبەر خۆیان لە نهۆمی سێیەمی باڵەخانەیەک فڕێدایە خوارەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
لە ئیستەنبووڵ دوو کۆچبەری ئەفغان کە لەلایەن قاچاخچییەکانەوە بە بارمتە گیرابوون، بۆ ئەوەی خۆیان رزگار بکەن، لە نهۆمی سێیەمی باڵەخانەیەک خۆیان فڕێدایە خوارەوە، یەکێک لە کۆچبەرەکان گیانی لەدەستدا و ئەوەی دیکەشیان بریندار بوو.
 
رووداوەکە شەوی سێشەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2023، لە باڵەخانەیەکی پێنج نهۆمی لە ناوچەی کەمال پاشا سەر بە شارۆچکەی کوچوک چەکمەجەی ئیستەنبووڵ روویدا.
 
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، ژمارەیەک کۆچبەر لەگەڵ گرووپێکی قاچاخچی رێککەوتوون بۆ ئەوەی بچنە دەرەوەی تورکیا. ئەو گرووپە پارەی کۆچبەرانی بە کەم زانیوە و دەست و قاچی کۆچبەرەکانیان بەستووە و بە بارمتەیان گرتوون. 
 
دوو کۆچبەرە ئەفغانەکە کە دەگوترێت ئەشکەنجە دراون، بەمەبەستی دەربازبوون لە نهۆمی سێیەمی باڵەخانەکەوە خۆیان فڕێداوەتە خوارەوە. یەکێکیان بە سەختی بریندار بووە و ئەوی دیکەیشیان کەوتووەتە سەر ئەیرکۆندیشن و رزگاری بووە.
 
بە گوتەی شایەتحاڵەکانی رووداوەکە، سێ کەس کە لەنێو شوقەکەدا بوون و گومانلێکراون، دوای رووداوەکە هەڵاتوون.
 
دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان تیمەکانی پۆلیس و تەندروستی رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران و دەست بە لێکۆڵینەوە کرا.