پارتە سیاسییەکانی تورکیا لەبارەیەوە قسە دەکەن؛ چاوەڕوان دەکرێت پرۆسەی چارەسەری دەستپێبکاتەوە؟
رووداو دیجیتاڵ
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا پێشنیازی کرد عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بچێتە پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتیدا گوتار بدات.
باخچەلی داوایکرد، ئۆجەلان لە گوتارەکەیدا بڵێت، "تیرۆر بە تەواوی کۆتاییهاتووە و هاوار بکات و بڵێت رێکخراوەکە (پەکەکە) هەڵوەشێندراوەتەوە. ئەگەر ئەو زیرەکی و پێداگرییەکی وەها نیشان بدات، دەکرێت دەرفەتی بۆ بڕەخسێت بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی یاسادا سوود لە مافی هیوا وەربگرێت".
مافی هیوا چییە؟
"مافی هیوا" هەڵسەنگاندنی مافی ئازادکردنی زیندانییە و ئاماژە بەوە دەکات کە دەبێت هەموو زیندانییەک ئومێدی ئەوەی هەبێت رۆژێک لە گرتووخانە بچێتە دەرەوە و تێکەڵ بە کۆمەڵگە بێتەوە، بەڵام ئەوە تاوەکو ئێستا لە تورکیا نەبووەتە یاسا.
ئەگەرچی "مافی هیوا" لەلایەن دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپاوە بەکاردێت و بە دادگەکانی تورکیاش گوتراوە کە جێبەجێی بکەن، بەڵام تورکیا نەیکردووە. دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لەمبارەیەوە رەخنەی تووند لە تورکیا دەگرێت و دەڵێت، بەگوێرەی یاسا، دەبێت هەموو زیندانییەک لە دوای 36 ساڵ مانەوە لە ژوورەوە ئازاد بکرێت، واتە بەگوێرەی ئەو یاسایە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەگەر هیچ کێشەیەکی تەندروستی نەبێت پێویستە 2036 ئازاد بێت.
ئەردۆغان بۆ دەم پارتی: ئەم دەرفەتە مەکەنە قوربانیی بەرژەوەندیی تاکە کەس
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی سێشەممە 22-10-2024 لە کۆبوونەوەیەکی پارتەکەیدا باسی لەو بابەتە کرد کە باخچەلی لەبارەیەوە قسەی کرد و گوتی، "دەمانەوێت هەمووان بزانن کە لە داهاتووی تورکیادا شوێنێک بۆ تیرۆر و تاریکیی تیرۆر نییە. هیوادارم ئەو پەنجەرەیەی کە دەرفەتێکی مێژووییە و لەلایەن هاوپەیمانیی جمهوورەوە کراوەتەوە، نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی تاکە کەسی. دەمانەوێت دامەزراوە سیاسییەکان، پەرلەمان، کۆمەڵگەی مەدەنی، راگەیاندن، ئەکادیمییەکان و تەواوی خەڵک بە یەکەوە تورکیایەکی دوور لە تیرۆر و تووندوتیژی دابمەزرێنین".
ئەردۆغان هەروەها پێشنیازی بۆ پارتەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن کرد کە نەڕۆنە نێو هیچ مشتومڕێک کە سوودی بۆ تورکیا نەبێت.
سەرۆکی جەهەپە: جەهەپە ئاستەنگ بۆ پرۆسەیەکی وەها دروستناکات
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رۆژی سێشەممە 22-10-2024 سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ی لە گرتووخانە کرد.
ئۆزەل دوای سەردانەکە هەر لە پارێزگای ئەدیرنەی تورکیا قسەی بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن کرد و لەبارەی هەنگاوەکەی دەوڵەت باخچەلی گوتی، "لەکاتێکدا کەسانێک بانگەوازی لەم جۆرە دەکەن کە چاوەڕێمان نەدەکرد، ئەوە شتێک نییە ئێمە رەتی بکەینەوە. ئەو پرسەی ئێمە بە بنەما دەیبینین ئەوەیە کە هەموومان بەیەکەوە هەنگاوی دروست لە بەرژەوەندیی تورکیا بنێین. پارتی گەلی کۆماری لەم بابەتەدا ئاستەنگ دروست ناکات. لە پێگەیەکدا نابین کە بە بە درێژایی مێژوو پێی نیگەران بین".
سەرۆکی پارتی زافەر بۆ ئەردۆغان، باخچەلی و ئۆزەل: دەتانەوێت بەشێکی تورکیا بکەنە کوردستان
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زافەر بە تووندی رەخنەی لە دەوڵەت باخچەلی، دواتریش رەجەب تەیب ئەردۆغان و ئۆزگور ئۆزەل گرت و گوتی، "ئیدی لە تورکیادا هاوپەیمانیی جمهوور و جەهەپە هەیە و جەهەپەش لەگەڵ دەم پارتی هاوپەیمانە. ئێستا دەبینین ئەردۆغان، باخچەلی، ئۆزەل و ئۆجەلان دەست لەنێو دەست و بەیەکەوە دەڕۆن. دەوڵەت باخچەلی کە دەڵێت با ئۆجەلان بێتە پەرلەمان و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسەبکات، ئەمە شێتییەکی سیاسییە و ئەو هەرگیز رێکخراوی تیرۆرستیی نەناسیوە".
سەرۆکی پارتی زافەر رووی دەمی لە ئاکپارتی و مەهەپە کرد و پرسیاری لێکردن کە ئایا چییان داوە لەو گوتارەی ئۆجەلان و گوتیشی، "سەرەتا بۆچی گەلی تورک دان بەمەدابنێن؟ بەرامبەر ئەو گوتارە چیتانە داوە لە ئۆجەلان؟ پرسیار لە ئەردۆغان، باخچەلی و ئۆزەل دەکەم و دەڵێم، بڕیارتان داوە بەشێکی تورکیا بکەنە کوردستان؟ بڕیارتان دا زمانی فەرمیی وڵات بگۆڕن یانیش بڕیارتاندا تورکیایەکی فیدراڵ دابمەزرێنن؟ دەبێت ئەمانە بەرامبەر گەلی تورک روون بکەنەوە".
هاوسەرۆکی دەم پارتی: رۆژانی ئاشتی نزیکن
هەمان رۆژ پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کۆبوونەوەی فراکسیۆنی هەبوو. تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتەکە لەبارەی پێشنیازەکەی دەوڵەت باخچەلی گوتی، "دەبێت گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجەلان هەڵبگیرێت. با گۆشەگیری هەڵبگیرێت، با بەڕێز ئۆجەلان بێتە دەرەوە، قسە بکات و هەموومان پێکەوە بزانین باسی چی دەکات. پێویستە هەنگاوی دەستبەجێ بۆ ئەم مەبەستە بنرێت".
هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، دەم پارتی تاوەکو ئەمڕۆ لەپێناو ئاشتی و بونیاتنانی کۆمارێکی دیموکراسیانە قوربانیی زۆری داوە؛ هەروەها بەڵێنیدا لەمەودواش هەوڵی جیدی بۆ ئەو ئامانجە بدات و گوتیشی رۆژانی ئاشتی نزیکن. هاتیمئۆغوڵڵاری رایگەیاند، ئەگەر جگەرخوێنی شاعیر ئێستا لە ژیان بووایە، دەیگوت: "ئاشتی، ئاشتی، ئاشتی".
رامانلی: ئەندامانی هەواڵگری لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەتەوە
سەرکان رامانلی، پەرلەمانتاری پارتی دۆزی ئازاد (هوداپار) رۆژی سێشەممە 22-10-2024 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە گوتەکانی باخچەلی کرد و رایگەیاند، باخچەلی ئەو گوتانەی بێ بیرکردنەوە لە پێشتر و دواتری قۆناخەکە نەکردووە.
رامانلی لەبارەی بانگەوازەکەی باخچەلی بۆ ئۆجەلان گوتی، "بەم دواییە بەشێکی لە میدیاش بڵاوکرایەوە کە ئەندامانی دەزگای هەواڵگریی (میت) لە ئیمرالی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبوونەتەوە. ئەو روونکردنەوانەی باخچەلی کە لە تەوقەکردن لەگەڵ دەم پارتی دەستیپێکرد و ئێستاش بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێشتر قسەی لەسەر کرد، جێگەی سەرنجە".
سەرکان رامانلی لەبارەی ئەگەری پرۆسەیەکی ئاشتی گوتی، "ئەگەر لەم وڵاتەدا خوێن نەڕژێت و تەرمەکان نەگەڕێنرێنەوە گوند، شارۆچکە و شارەکانمان، هەروەها ئەگەر میلیشیاکان بە چەکەوە لە چیاکاندا نەسووڕێنەوە، لەپێناو وەستانی خوێنڕێژی، هەموو ریگەیەکی رەوا ئەرێنییە. ئێمە وەکو هوداپار پشتیوانی لە هەموو هەنگاوێک دەکەین کە لەپێناوی ئاشتیی کۆمەڵایەتی بنرێت، چونکە خاڵە بنەڕەتییەکە ئەوەیە کە خەڵکی ئێمە بژین".
لەبارەی ئەوەی حکومەتی تورکیا دانوستاندنی ئاشتی لەگەڵ کێ بکات، سەرکان رامانڵی گوتی، "ئەگەر بابەتەکە چەکداماڵینی رێکخراوەکە و هەڵوەشاندنەوەیەتی، بێگومان دەبێت لەگەڵ ئەو لایەن گفتوگۆ بکرێت کە چەکەکەی لەدەستە. لایەنی بەرامبەر کە دەبێت چەک دابنێت، ئەو لایەنەیە کەئێستا چەکی لەدەستە".
پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد
رۆژی 30-9-2013 رەجەب تەیب ئەردۆغان کە ئەوکات سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو لە گوتارێکدا 'پاکێجی دیموکراسی'ی راگەیاند کە لە 63 بڕگە پێکهاتبوو و كۆمەڵێك چاكسازی و گۆڕانكاری لەخۆگرتبوو و بۆ كورد گرنگ بوون. سەرەکیترینیان پرسی خوێندن بوو بە زمانی دایک کە لەو بارەیەوە ئەردۆغان رایگەیاند، " لە خوێندنگە تایبەتییەکان رێگە بە زمانی جیاواز دەدرێت بۆ خوێندن. ئەو یاسایە هەڵدەوەشێنرێتەوە کە رێگری لە خوێندن بە زمانی دایک دەکات. هەر پارت و لایەنێک دەتوانێ بە زمانی خۆی بانگەشەی هەڵبژاردن بکات".
ئەو هەنگاوەی ئەردۆغان لە مێژووی کۆماری تورکیادا یەکەمین هەنگاوی کردەیی و کاریگەر بوو بۆ چارەسەرکردنی پرسی کرد و پرۆسەی چارەسەری بەدواداهات. ئەوکات حکومەتی تورکیا و قەندیل بە نێوەندگیریی پارتی دیموکراتی گەلان ( هەدەپە) بیروڕایان ئاڵوگۆڕ دەکرد، بەڵام دواجار نەگەیشتنە ئەنجام و پرۆسەکە لە قۆناخی دۆڵمەباخچە شکستیهێنا و ئاکپارتی (هەدەپە) ش یەکدییان تۆمەتبار کرد.
ئەردۆغان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: بەردەممان واڵاکردن بەڵام نزیک نەکەوتنەوە
لەکاتی بەشدارییکردن لە رێوڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەیەک لە گۆڕەپانی مەولانا لە شاری کۆنیا، رۆژی 17-12-2018 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد و باسی لە پرۆسەی چارەسەری کرد. ئەردۆغان گوتی، " گوتمان پرسی چارەسەری و بەردەمی ئەوانمان کردەوە، کەچی نزیکنەکەوتنەوە. بەڵام جارێکی دیکە چاوەڕێی پرۆسەی چارەسەری مەکەن، ئەو کارە تێپەڕی و چوو".