لە هۆتێلێکی ئەنتاڵیا ئاگرکەوتەوە؛ دوو گەشتیاری لوبنانی گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی کەوتنەوەی ئاگر لە هۆتێلێکی ئەنتاڵیا لە تورکیا، دوو گەشتیاری لوبنانی گیانیان لەدەستدا و 12 کەسیش بریندار بوون.
رووداوەکە کاژێر 02:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 22ـی تەممووزی 2023 لە هۆتێلێکی سی نهۆمی لە شارۆچكەی موراد پاشا روویدا.
دوای بەرزبوونەوەی دووکەڵ لە هۆتێلەکە تیمەکانی بەرگریی شارستانی، پۆلیس و تەندروستی رەوانەی شوێنەکە کران.
ئاگرەکە لە ماوەی یەک کاژێردا کۆنتڕۆڵکرا و لە ماوەی شەش کاژێردا کوژێنرایەوە.
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە ئەنجامی کەوتنەوەی ئاگرەکە دوو گەشتیار لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستداوە کە لوبنانین و 12 کەسیش بریندار بوون و لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن.
کارەکانی دەستەی داواکاری گشتی و تیمەکانی لێکۆڵینەوە لە شوێنی رووداوەکە بەردەوامە.
ئەنتاڵیا یەکێكە لە ناوچە گەشتیارییە گرنگەکانی تورکیا. لە یەکی کانوونی دووەم تا 24ـی حوزەیرانی 2022 سێ ملیۆن و 853 هەزار و 348 گەشتیار لە رێگەی ئاسمانییەوە سەردانیان کردووە. ئەو ژمارەیە لە هەمان ماوەی ساڵی 2023دا بە رێژەی 32% زیادیکردووە و گەیشتووەتە پێنج ملیۆن و 71 هەزار و 305 گەشتیار.