زیاتر لە یەک ملیۆن و 153 هەزار کەس لە دەرەوەی تورکیا دەنگیان داوە
رووداو دیجیتاڵ
دەنگدانی رەوەندی باکووری کوردستان و تورکیا بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بەردەوامە؛ تاوەکو ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن و 153 هەزار کەس دەنگیان داوە.
دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی ئایاری 2023 بڵاویکردەوە، تائێستا یەک ملیۆن و 153 هەزار و 842 کەس لە دەرەوەی وڵات لە میانی بەشداریکردنیان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماردا دەنگیان داوە.
لە نوێنەرایەتییەکانی تورکیا لە دەرەوەی وڵات یەک ملیۆن و 99 هەزار و 841 کەس و لە دەروازە سنوورییەکانیش 54 هەزار و یەک کەس، کۆی گشتی یەک ملیۆن و 153 هەزار و 842 کەس دەنگیان داوە.
بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا کە رۆژی یەکشەممە، 28ـی ئایار لە نێوخۆی تورکیا بەڕێوەدەچێت، رۆژی شەممە 20ـی ئایار لە دەرەوەی تورکیا دەنگدان دەستیپێکرد و لە نوێنەرایەتییەکانی تورکیا لە دەرەوە تا رۆژی 24ـی ئایار و لە دەروازە سنوورییەکانیش تا کاژێر 17:00ـی رۆژی یەکشەممە 28ـی ئایار بەردەوام دەبێت.
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی تورکیا کە رۆژی 14ـی ئایار بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا کە لە هەمانکاتدا بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوورە %49.52ـی دەنگەکان و کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە و بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت %44.88ـی دەنگەکانیان بەدەستهێنا.
بە هۆکاری ئەوەی هیچ کام لە بەربژێرەکانی سەرۆککۆمار %50 کۆ یەکی دەنگەکانیان بەدەست نەهێنا، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کەوتە گەڕی دووەم.