لە دوو مانگی ئەم ساڵدا 4.3 ملیۆن گەشتیار سەردانی تورکیایان کردووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزاری تورکیا دەڵێت، لە دوو مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا چوار ملیۆن و 300 هەزار گەشتیار لە وڵاتانی دەرەوە سەردانی باکووری کوردستان و تورکیایان کردووە.
ئەمڕۆ هەینی 22ی ئاداری 2024 وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزاری تورکیا ئاماری دوو مانگی یەکەمی ئەم ساڵی سەبارەت بە سەردانی گەشتیارانی بیانی بۆ باکووری کوردستان و تورکیا بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتەکە، لە مانگەکانی کانوونی دووەم و شوباتی ئەم ساڵدا، چوار ملیۆن و 341 هەزار و 606 گەشتیار سەردانی باکووری کوردستان و تورکیایان کردووە. بەراورد بە هەمان مانگەکانی ساڵی رابردوو، چوونی گەشتیاری بیانی بۆ ئەو وڵاتە 12% زیادیکردووە.
بەگوێرەی داتاکان بێت، لە مانگی شوباتی ئەم ساڵدا ژمارەی گەشتیارانی بیانی بەراورد بە هەمان وادەی پارساڵ 22.68% زیادیکردووە و تەنیا لەو مانگەدا دوو ملیۆن و 294 هەزار و 579 گەشتیاری بیانی سەردانی باکووری کوردستان و تورکیایان کردووە.