هاوپەیمانیی میلـلەت بە فەرمی کڵچدارئۆغڵو وەکو بەربژێری سەرۆککۆمار لە کۆمیسیۆن تۆمار دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

هاوپەیمانیی میلـلەت کە لە شەش حیزبی ئۆپۆزیسیۆن پێکدێت، ناوی کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری وەکو بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە دەستەی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا تۆمار کرد. 
 
کاژێر 14:00ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی ئاداری 2023، بریکارانی سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا و نوێنەرانی ئیی پارتی، پارتی دێڤا، پارتی ئاییندە، پارتی دیموکرات و پارتی سەعادەت، کە هاوپەیمانیی میلـلەتیان پێکهێناوە داواکاری پێشکێشی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردن کرد بۆ بەربژێرکردنی کەمال کڵچدارئۆغڵو، وەکو بەربژێری هاوپەیمانییەکە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا.
 
رۆژی 24ـی ئاداری 2022، دوایین مۆڵەتی تۆمارکردنە بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا. ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی 21ـی ئادار فراکسیۆنەکانی ئاکپارتی و مەهەپە، رەجەب تەیب ئەردۆغانیان وەکو بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار بەربژێرکرد. 
 
دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا رایگەیاند، تائێستا 11 سیاسەتڤان بە مەرجی کۆکردنەوەی 100 هەزار واژۆ، خۆیان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بەربژێر کردووە. بەگوێرەی یاسای پارتە سیاسییەکان، هەر لایەنێک فراکسیۆنی پەرلەمانی نەبێت، مەرجە بەربژێرەکانیان 100 هەزار واژۆ کۆبکەنەوە بۆ ئەوەی بەربژێربوونیان پەسند بکرێت. 
 
هەریەک لە رەجەب تەیب ئەردۆغان و کەمال کڵچدارئۆغڵو بەربژێری ئەو لایەنە سیاسییانەن، کە لە پەرلەمان فراکسیۆنیان هەیە. 
 
هەروەها هەریەک لە سینان ئۆغان، موحەررەم ئینجە، داود توران، دۆغو پەرینچەک، ئەرکان تروکتەن، خەلیل موراد ئونڤەر، حیلمی ئۆزدەن، عیرفان ئوزون، محەممەد عەلی فاتیح ئەربەکان، تۆفیق ئەحمەد ئۆزال و یەعقوب تورکال بەمەرجی کۆکردنەوەی 100 هەزار واژۆ، خۆیان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بەربژێر کردووە. 
 
دوای کۆتاییهاتنی وادە دیاریکراوەکە، دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بەربژێرە پەسندکراوەکان رادەگەیێنێت. بەر لە راگەیاندنی ئەنجامەکەش، هەر جۆرە کەموکوڕییەک لە مامەڵەی خۆبەربژێرکردن هەبێت، دەستبەجێ بە پارێزەران و نوێنەرانیان رادەگەیێنێت بۆ چارەسەرکردنیان. 
 
رۆژی 10ـی ئاداری 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا وادەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار و پەرلەمانی وڵاتەکەی ئاشکراکرد و گوتی: "بڕیاربوو هەڵبژاردنە گشتییەکانی ئەمساڵ لە 18ـی حوزەیران بکرێت، بەڵام بە گوێرەی ئەو دەسەڵاتەی ماددەی 116ـی دەستووری تورکیا وەک سەرۆککۆمار پێیداوم، بڕیارمدا هەڵبژاردنەکان لە رۆژی 14ـی ئایاری ئەمساڵ بکرێن".