دادگەی دەستوور داواکارییەکی هەدەپەی لەبارەی دۆسیەی داخستنەکەی رەتکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی دەستووریی تورکیا داواکارییەکەی هەدەپەی رەتکردەوە کە داوایکردبوو بەرگریی زارەکی لە دۆسیەی داخستنی لە دادگە تا دوای هەڵبژاردن دوابخرێت.
لە دۆسیەی داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپەدا دادگەی دەستووریی تورکیا رۆژی بەرگریی زارەکی بۆ 14ی ئادار دیاریکردبوو، بەڵام هەدەپە بەهۆی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی مەرەشی باکووری کوردستانەوە داوای کرد بەرگرییەکە لە دادگە بۆ ماوەی سێ مانگ دوابخرێت.
دادگەی دەستووریی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە 22ـی ئاداری 2023 هەڵسەنگاندنی بۆ داواکارییەکەی هەدەپە کرد و بڕیاریدا لەبری سێ مانگ بۆ ماوەی یەک مانگ بەرگرییەکە لە دادگەی دەستووری دوابخات.
دادگە بڕیاریدا بوو ئەو دانیشتە لە 11ـی ئاداردا بکرێت، بەڵام هەدەپە بەم بڕیارە رازی نەبوو، چونکە نەیدەویست پێش هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی تورکیا کە بڕیارە لە 14ـی ئایاری ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، لە ژێر "گوشاری داخستنی" پارتەکەیدا بەشداری لە هەڵبژاردندا بکات.
هەدەپە بەو هۆیەوە و وەک بژاردەیەک بەشداریکردنی لەسەر لیستی "پارتی چەپی سەوز" هێنایە ئاراوە و لە هەمانکاتدا داوای لە دادگەی دەستووریش کرد بەرگریی زارەکی سەبارەت بە دۆسیەی داخستنی لە دادگە بۆ دوای هەڵبژاردن دوابخات.
دادگەی دەستووریی تورکیا لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا ئەم بابەتەی تاوتوێکرد و داواکارییەکەی هەدەپەی رەتکردەوە، بەو پێیە هەدەپە لە 11ی نیساندا بەرگریی زارەکی دەکات.
پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە، کە سێیەم گەورە فراکسیۆنی پەرلەمانی تورکیایە لە حوزەیرانی 2021ـەوە بە تۆمەتی پەیوەندی بە پەکەکە لە دادگە دۆسیەی داخستنی لەسەر تۆمار کراوە.
هەدەپە لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا کە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، 11.7%ی دەنگەکانی بردەوە و لە کۆی 600 کورسیی پەرلەمان 67 کورسیی بەدەستهێنا، بەڵام متمانە لە سێ پەرلەمانتار بە ناوەکانی سەمرا گوزەل، لەیلا گوڤەن و موسا فارسئۆغوڵڵاری وەرگیراوەتەوە و ژمارەیەک پەرلەمانتاریش لە فراکسیۆنەکە دەرچوون. ئێستا خاوەنی 56 کورسییە.