دەم پارتی لەبارەی رووداوەکانی رۆژئاوای کوردستان رەخنە لە حکومەتی تورکیا دەگرێت
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، پرسی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا پەیوەندی بە پرسی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاش هەیە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دواخستنی دیدارەکەی ئۆجەلان پەیوەندی بە پێشهاتەکانی سووریاوە هەیە.
تولای هاتیمئۆغوڵڵای، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان، رۆژی (شەممە، 21-12-2024) لە هەڤپەیڤینێکدا لەبارەی پرسی کورد، دۆخی رۆژئاوای کوردستان و دیدارەکەی ئۆجەلان قسەیکرد.
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بە ئەگەری دیدارەکەی شاندی خۆیان و عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد و گوتی، ''دواخستنی ئەم دیدارە بەم جۆرەی دەیبینین بابەتێکی تەکنیکی نییە. بە ئەگەرێکی زۆر، ئاگاداری پێشهاتەکانی سووریان و بەگوێرەی پێشهاتەکانی ئەوێ بڕیار لەبارەی دیدارەکەی ئێمە لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان دەدرێت''.
هاتیمئۆغوڵڵای گوتیشی، ''لەبەر ئەوەی پێدانی مۆڵەت بە شاندی دەم پارتی بۆ سەردانەکە راستەوخۆ پەیوەندی بە سووریا و پێشهاتەکانی رۆژئاوا هەیە، ئەو بڕیارەی دەسەڵات دەیدات، سیاسییە. ئەم دەسەڵاتە مافێکی یاسایی بە سیاسی کردووە''.
هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی، ''لە دۆخێکی وەهادا کە ئەگەری جەنگی سێیەمی جیهانی هەیە، بوونی کەسایەتی وەک ئۆجەلان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر پێویستە. باوەڕمان بەوە هەیە، لە ئەگەری جێبەجێکردنی مەرجەکانی، ئۆجەلان دەتوانێت رۆڵی گرنگی لە ئاشتیی سووریا، تورکیا و ناوچەکەش هەبێت''.
هاتیمئۆغوڵڵای رەخنەی لە سەرۆککۆماری تورکیا گرت و تۆمەتباری کرد بەوەی هەنگاوی کردەیی بۆ چارەسەری پرسی کورد نەناوە و گوتی، ''ئایا دەیەوێت پرسی کورد چارەسەر بکات یان نایەوێت؟ بەتەنیا ئەوە بەس نییە لە وەڵامی قسەکانی باخچەلیدا بڵێیت، بەڵێ بە گرنگی دەزانم''.
هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبارەی هەڵوێستەکەی باخچەلی و دۆخی ئێستای رۆژئاوای کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ''چەندین جار گوتوومانە کە هەڵوێستەکەی بەڕێز باخچەلی بەرز دەنرخێنین. ئەگەر لێرەوە هەنگاو بنرێت، دەتوانین هەنگاو بنێین. بەڵام کەس مافی ئەوەی نییە درۆن بۆ ئاسمانی رۆژئاوا بنێرێت یان سوپای نیشتیمانیی سووریا بۆ ئەوێ (رۆژئاوای کوردستان) بنێرێت. کەس مافی ئەوەی نییە لەوێ (رۆژئاوای کوردستان) ژینگەی شەڕوپێکدادان دروست بکات و لە تورکیاش پێمان بڵێن، ''بێ دەنگ بن، ئاشتی بەرقەرار دەبێت، رێگە بەمە نادەین''.
هاتیمئۆغوڵڵای باسی لەوە کرد، ''چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا، چارەسەرکردنی پرسی کوردە لە سووریاش. ئیدی زۆر زەحمەتە بتوانین باسی سووریایەکی جیاواز لە تورکیا و تورکیایەکی جیاواز لە سووریا بکەین. ئەمڕۆ بەدەستهێنانی ماف و پێگە لەلایەن کوردانی سووریا دەبێتە ئاسانکاری تاوەکو کوردانی تورکیاش مافەکانی خۆیان بەدەستبهێنن''.
هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبارەی دۆخی سووریا رەخنەی تووندی لە حکومەتی تورکیا گرت و گوتی، ''روودانی پێشهاتەکانی سووریا بەخێرایی، ئێمەی تووشی سەرسووڕمان کرد، بەڵام دەمانزانی دۆخەکە بەم رۆژە دەگات. تورکیا لەوێ (سووریا) لە رێگەی سوپای نیشتیمانیی سووریا کە خۆی راهێنانی پێکردووە و چەکداری کردووە، بەردەوامی بە دەسەڵاتی خۆی دەدات. ئەوەی تورکیا بەشێوەیەکی کرداری جێبەجێی دەکات، رێگریکردنە لەوەی کورد لە رۆژئاوا و باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا پێگەی خۆی هەبێت''.