وەزارەتی بەرگریی تورکیا: سوپاکەمان وەکو پێشوو بەرپەرچی پەلامارەکان دەداتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا، کە هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە بە هێرشکردنە سەر سنوورەکانی تورکیا تۆمەتبار دەکات، رایگەیاند، سوپای تورکیا وەکو پێشوو بەرپەرچی پەلامارەکان دەداتەوە.
لە راگەیێندراوێکدا، کە ئەمڕۆ دووشەممە 21-11-2022، وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاویکردووەتەوە ئەوە هاتووە: "سوپای تورکیا وەکو پێشوو بەرپەرچی پەلامارەکان دەداتەوە. تۆڵە لەو ناپاکانە کرایەوە کە ترسنۆکانە قوتابخانەکانیان کردە ئامانج. تۆڵەشیان لێدەکرێتەوە."
هەر ئەمڕۆ دووشەممە 21-11-2022، میدیای فەرمیی تورکیا بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو (یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگە) چوار مووشەکیان ئاراستەی شارۆچکەی گلگامش کرد، کە لە شوێنی چۆڵ کەوتنە خوارەوە.
داود گول، پارێزگاری دیلۆک لەبارەی ئەو گوللە تۆپانەی ئاراستەی شارۆچکەی گلگامش کران لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر رایگەیاند: "ئەو مووشەکانە لە رۆژهەڵاتی فوراتەوە ئاراستەی شارۆچکەی گلگامش و جەرابلووس کراون و لە زەوی چۆڵ کەوتوونەتە خوارەوە و زیانیان نەبووە؛ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانمانەوە وەڵام دراونەتەوە."
بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 20-11-2022، سوپای تورکیا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی نوێی بە ناوی "چنگ - شمشێر" لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان راگەیاند. فڕۆکە جەنگییەکان و درۆنەکانی تورکیا لە بەرەبەیانی زووەوە، ژمارەیەک پێگەی پەکەکە و یەپەگەیان کردە ئامانج.
بەگوێرەی ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە، لە شەوی 19 و رۆژی 20ی تشرینی دووەمدا لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای تورکیا بۆسەر چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان 29 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە 13 کەسیان خەڵکی سڤیلن، شەڕڤانێکی یەپەگەیە لەگەڵ 15ی سەربازی سوپای سووریا.