تورکیا رەتیدەکاتەوە وڵاتینامەی بە 2.5 ملیۆن هاووڵاتی سووریا دابێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ناسنامە و کاروباری رەگەزنامەی تورکیا رایگەیاند، "ئەو دەنگۆیانەی دەڵێن 2.5 ملیۆن هاووڵاتیی سووریا وڵاتینامەیان پێدراوە، راست نین."
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەمڕۆ (چوارشەممە، 21ـی ئابی 2024) سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن دوو ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتی سووریا وڵاتینامەی تورکیایان پێدراوە، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "ژمارەی ئەو هاووڵاتییە سووریانەی وڵاتینامەی تورکیایان بەدەستهێناوە، 238 هەزار و 768 کەسن. لەو ژمارەیەش 134 هەزار و 624 کەسیان پێگەیشتوو 104 هەزار و 144ـی دیکەیان منداڵن."
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە لەو کابینەیەی حکومەتدا بە گشتی 183 هاووڵاتی سووریا، کە 82 کەسیان منداڵ بوون، وڵاتینامەی تورکیایان پێدراوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ناسنامە و کاروباری رەگەزنامەی تورکیا دەڵێت، "نابێت پشت بەم زانیارییە هەڵانە ببەسترێت."