وەزیری نێوخۆی تورکیا: 77 گەریلا لە خاکی تورکیادا ماون
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری نێوخۆی تورکیا و ئەندامی هەڵبژێردراو بۆ پەرلەمانی وڵاتەکە لە سەر لیستی ئاکپارتی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ کارمەندانی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش لە ئیستەنبووڵ رایگەیاند، "ئێستا تەنیا 77 گەریلا ماون" کە دەڵێت رۆژی 29ی تشرینی یەکەمی 2023 لە نێویان دەبەن.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی یەکشەممە، 21-5-2023 لە ناوچەی شیشلیی ئیستەنبووڵ بەرێوەچوو، سولەیمان سۆیڵو رایگەیاند: "زۆر روون و دیارە، چ کاتێک دەمڕاستەکانی پەکەکە زیندانی کران، ئەو کاتە لە تورکیا شتێک نامێنێت بە ناوی پەکەکە، چونکە رێک هاوشێوەی پارتی بەرەی گەلی شۆڕشگێڕی رزگاری (DHKP-C) تەواوی زانیارییەکان و زمانی نەفرین هەڵدەگرن."
وەزیری نێوخۆی تورکیا ئاماژەی بەوەدا، پۆلیس هەنگاوی زۆر گرنگی ناوە و "تیمەکانی پۆلیس رۆلێکی زۆر گرنگیان هەبووە لەمەدا. لەم ماوەیەی دواییدا بەروونی دیارە کە پەکەکە و درێژکراوە سیاسییەکەی هێزی جارانی نەماوە."
سولەیمان سۆیڵو ناو بە ناو باس لەوە دەکات کە ژمارەی گەریلا لە کەمبوونەوەدایە، بەڵام بەرپرسانی پەکەکە بە هەموو شێوەیەک ئەمە رەتدەکەنەوە و دەڵێن، چالاکییەکانیان بەردەوامن.