ئەردۆغان بۆ گەنجان: با کڵچدارئۆغڵو لە سیاسەت خانەنشین بکەین
رووداو دیجیتاڵ
بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا داوا لە گەنجان دەکات، لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا کە بڕیارە رۆژی 28ـی ئایار بەڕێوەبچێت، کەمال کڵچدارئۆغڵو "لە سیاسەت خانەنشین" بکەن.
شەوی رابردوو، 20ـی ئایاری 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، لە كتێبخانهی رامی لە ئیستەنبووڵ لهگهڵ لاوان كۆبووهوه و وەڵامی پرسیاری دانەوە و گوتارێکی پێشکێش کرد.
ئەردۆغان گوتی، لەم هەڵبژاردنەدا نزیکەی پێنج ملیۆن گەنج بۆ یەکەمجارە بەشداری لە هەڵبژاردنەکان دەکەن، بەڵام کەمال کڵچدارئۆغڵو "بێ ئەوەی بایەخ بە گەنجان بدات، نزیکەی 40 پەرلەمانتاری وەک خەڵات بەخشییە ئەو پارتانەی کە کۆی دەنگیان ناگاتە 1٪ و دواتر گوتار دەدات و دەڵێت: گەنج هیوای داهاتوومانن".
ئەردۆغان هەر لەبارەی گەنجانەوە رایگەیاند، لە پێنج گەنجترین پەرلەمانتاردا چواریان ئەندامی ئاکپارتین و گوتی، "ئەو کەسایەتییە [كلچدارئۆغڵو] متمانهی به گەنجان نییه. ئهو کەسایەتییە نایهوێ گەنج و لاو له پهرلهمان بن، ئهزموونیان ههبێت و خزمهتی گهل و نیشتمان بكهن. ئەو نیگهران دهبێت لهوهی گەنجان ئومێد و متمانهیان به خۆیان ههبێت. کڵچدارئۆغڵو وهك گهورهترین ركابهری خۆی دەیانبینێت".
بەربژێرەکەی سەرۆکایەتیی کۆمار لە هاوپەیمانیی جمهوور داوای لە گەنجان کرد، لە رۆژی 28ـی ئایاردا بەشدارییەکی کارایان هەبێت و دەنگ بە ئەو بدەن بۆ ئەوەی "کەمال کڵچدارئۆغڵو لە سیاسەت خانەنشین بکەن و لە رێگەی دەسەڵاتی ئاکپارتی و هاوبەشەکانییەوە لە هاوپەیمانیی جمهوور روو لە ئاسۆیەکی گەش بکەن".
رۆژی هەینیی رابردوو دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی کۆتایی گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری بڵاوکردەوە. بەپێی ئەو ئەنجامە؛ رەجەب تەیب ئەردۆغان 49.52٪ـی دەنگەکان، کەمال کڵچدارئۆغڵو 44.88٪، سینان ئۆغان 5.17٪ و موحەڕەم ئینجە 0.43٪ـی دەنگەکانیان بەدەستهێنا.