لە تورکیا سنووردارکردنی بانگەشە و هەندێک قەدەخەی هەڵبژاردن دەستیپێکرد

رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان 10 رۆژی دیکە دەستپێدەکات، سنووردارکردنی بانگەشە و هەندێک قەدەخەی هەڵبژاردن ئەمڕۆ دەستیپێکرد. توێژینەوە و راپرسی و پێشبینییەکانی رای گشتی بڵاوناکرێنەوە. وەزیر و پەرلەمانتاران ناتوانن بە ئۆتۆمبێلە فەرمییەکانیان هاتووچۆ بکەن، هەروەها هیچ ئاهەنگێکی پێشوازیکردن ناکرێت.
 
لە باکووری کوردستان و تورکیا رۆژی 31ـی ئاداری 2024 هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەکرێت. بەپێی ساڵنامەی دەستەی هەڵبژاردنەکان لە ئەمڕۆوە سنووردارکردنی بانگەشە و هەندێک قەدەخەی هەڵبژاردن دەستیپێکردووە.
 
بانگەشەی هەڵبژاردن لە کاژێر 18:00ـی رۆژی شەممە 30ـی ئادار کۆتایی دێت و قەدەخەکانی هەڵبژاردن لە کاژێر 23:59 خولەکی 31ـی ئادار کۆتایی دێت. 
 
راپرسی و توێژینەوەکان بڵاوناکرێنەوە
 
لەم ماوەیەدا لایەنە سیاسییەکان و بەربژێرە سەربەخۆکانی بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن، دەتوانن لە رێگەی راگەیاندن و ریکلامەوە لە میدیای چاپکراو یان بە کردنەوەی ماڵپەڕێک تاوەکو کۆتایی وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن، بانگەشەی زارەکی، نووسراو یان بینراو بکەن.
 
بێجگە لە رێگە گشتییەکان، پەرستگەکان، بینا و دامەزراوە خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ئەو گۆڕەپانەی کە لەلایەن دەستەی هەڵبژاردنی شارۆچکەکانەوە دیاریکراون، بانگەشەی زارەکی بەکۆمەڵ قەدەخە دەکرێت. 
 
هەروەها قەدەخەیە بانگەشەی زارەکی بەکۆمەڵ لە شوێنی کراوەدا بکرێت، لە کۆتایی کاژێری دووەم دوای خۆرئاوابوون تاوەکو خۆرهەڵاتن.
 
لە رێگەی ناردنی نامە بۆ ناونیشانی ئیمەیڵی هاووڵاتیان یان بە ناردنی نامەی دەنگی، ڤیدیۆیی یان کورتەنامە بۆ مۆبایل بانگەشە ناکرێت، بەڵام لایەنە سیاسییەکان دەتوانن لە هەر کاتێکدا نامە دەنگی، ڤیدیۆ یان کورتەنامە بۆ ئەندامەکانیان بنێرن.
 
لەماوەی 10 رۆژی پێش رۆژی دەنگدان، لە رێگەی میدیای بینراو و نووسراو، لێکۆڵینەوە لە رای گشتی، راپرسی، پێشبینی، تەلەفۆنی زانیاری و پەیوەندی لەژێر ناوەکانی وەک مینی ریفراندۆم بڵاوناکرێنەوە کە لە بەرژەوەندی یان دژی لایەنێکی سیاسی یان بەربژێرێک بێت، یان بە شێوەیەک بێت کە کاریگەری لەسەر دەنگی هاووڵاتیان هەبێت. 
 
وەزیران و ئەندامانی پەرلەمان لە نێوخۆی وڵاتدا ناتوانن بانگەشەی هەڵبژاردن و گەشتکردن بۆ ئەو مەبەستە بە ئۆتۆمبێلی فەرمی یان ئۆتۆمبێلی تەرخانکراو بۆ خزمەتگوزارییە فەرمییەکان بکەن. لە کاتی گەشتەکان بۆ ئەم مەبەستە، رێوڕەسمی بەخێرهاتن و ماڵئاوایی بەپێی پرۆتۆکۆل ناکرێت و هیچ ئاهەنگێکی فەرمی سازنادرێت. 
 
هیچ فەرمانبەرێکی حکومی لە گەشتکردن و بانگەشەی هەڵبژاردنی وەزیر و پەرلەمانتار و بەربژێرەکاندا ناتوانێت بەشداری بکات. 
 
دەنگدەران لە 31ـی ئاداردا دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان
 
دابەشکردنی لاپەڕەی زانیاری دەنگدەران بەسەر دەنگدەراندا لە رۆژی پێنجشەممە 29ـی شوباتەوە دەستیپێکردووە و رۆژی یەکشەممە 24ـی ئادار تەواو دەبێت. رۆژی دەنگدان پێویست ناکات دەنگدەران لاپەڕەی زانیاری لەگەڵ خۆیان ببەن.
 
دەنگدەران لە رێگەی ماڵپەڕی فەرمی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان، پۆرتاڵی حکومەتی ئەلیکترۆنی، ئەپڵیکەیشنی مۆبایلی پرسیاری دەنگدەرانی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان یان لە رێگەی پەیوەندیکردن بە ژمارەی تەلەفۆنی " 4449975" سەنتەری پەیوەندی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان، دەتوانن بزانن لە کوێ و لە کام سندوقی دەنگدان دەنگ دەدەن.  
 
لیستی دەستگیرکراوەکان و ئەوانەی بە تاوانی کەمتەرخەمی سزا دراون لە 28ـی ئاداردا یەکلایی دەکرێنەوە.
 
کاتەکانی دەنگدان
 
لەبەر ئەوەی هەڵبژاردنەکە لە مانگی ئاداردا بەڕێوەدەچێت، بە لەبەرچاوگرتنی کاتی خۆرئاوابوون، دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان کاتی دەنگدانی لە 32 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیای بۆ کاژێرێک زووتر گۆڕیوە.
 
هەر لەبەر ئەم هۆکارە، کاژێرەکانی دەستپێکردن و کۆتایی دەنگدان لە پارێزگاکانی سەمسوور، ئاگری، چەولیگ، بەدلیس، ئامەد، خارپێت، ئەرزنگان، ئەرزەڕۆم، دیلۆک، جۆلەمێرگ، قەرس، مەڵەتی، مەڕەش، مێردین، موش، سێرت، سێواز، روها، وان، ئێلیهـ شرنەخ، ئەردەخان، ئیدر، کیلیس و دێرسمی باکووری کوردستان و پارێزگاکانی ئارتڤین، گیرەسون، گوموشهانە، ئۆردو، ڕیزە، بایبورت و ترابزۆن ـی تورکیا و لە دامەزراوە سزاییەکانی ئەو پارێزگایانە لە کاژێر 07.00-16.00 دەبێت.
 
جگە لەم پارێزگایانە لە پارێزگاکانی دیکەدا دەنگدان لە کاژێر هەشتی بەیانی بۆ پێنجی ئێوارە دەبێت.
 
ریزبەندی پارتەکان لەسەر پسوولەی دەنگدان
 
لە هەڵبژاردنەکاندا 34 پارتی سیاسی بەشدارن و دوای تیروپشک ریزبەندی پارتەکان لەسەر پسوولەی دەنگدان بەمشێوەیە دەستنیشانکراوە:
 
1. پارتی داد و گەشەپێدان-ئاکپارتی
2. ئیی پارتی
3. پارتی چەپ
4. پارتی یەکێتیی گەورە
5. پارتی مەملەکەت
6. پارتی نیشتمانی وەتەن
7. پارتی چەپی دیموکرات
8. پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ
9. پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی
10. پارتی کۆمۆنیستی تورکیا
11. پارتی یەکێتیی ئەنادۆڵ
12. پارتی زافەر
13. پارتی رزگاریخوازی گەل
14. بزووتنەوەی کۆمۆنیستی تورکیا
15. پارتی سەربەخۆی تورکیا
16. پارتی ئایندە
17. پارتی تورکیای نوێ
18. پارتی گەلی کۆماری-جەهەپە
19. پارتی رەنج
20. پارتی دۆزی ئازاد-هوداپار
21. پارتی ماف و ئازادییەکان-هاکپار
22. پارتی ئۆجاک
23. پارتی یەکێتی دادپەروەری
24. پارتی دیموکرات
25. پارتی یەکێتیی هێزەکان
26. پارتی میللەت
27. پارتی رێگای نیشتمانی
28. پارتی دادپەروەری
29. پارتی دیموکراسی گەشاوە
30. پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی-مەهەپە
31. پارتی کرێکارانی تورکیا
32. پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی-دەڤا
33. پارتی سەعادەت
34. پارتی وەتەن
 
زۆربەی بەربژێرەکان لە ئیستەنبووڵن
 
گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بە 49 بەربژێرەوە زۆرترین کێبڕکێی تێدایە. لەو 49 بەربژە 22 یان وەک پارتی سیاسی و 27 ـیان وەک بەربژێری سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن.
 
لەدوای ئیستەنبووڵ، دیلۆک بە 29 بەربژێر لە پلەی دووەم و مەڵەتی بە 28 بەربژێر لە پلەی سێیەمدا دێت کە زۆرترین بەربژێر تێدا کێبڕکێ دەکەن. سێ لە بەربژێرەکانی گەورەشارەوانی دیلۆک و پێنج لە بەربژێرەکانی مەڵەتی وەکو بەربژێری سەربەخۆ خۆیان بەربژێر کردووە. 
 
لە ئەنقەرە لە کۆی 24 بەربژێر کە بۆ گەورەشارەوانی کێبڕکێ دەکەن، 19 ـیان سەر بە پارتە سیاسییەکانن و پێنجیان بەربژێری سەربەخۆن.