لە دەریای ئیجە 159 کۆچبەر دەستبەسەرکران
رووداو دیجیتاڵ
لە سنورە ئاوییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان لە دەریای ئیجە 159 کۆچبەر دەستبەسەرکران کە دەیانویست بە نایاسایی بچنە ئەورووپا.
پاسەوانی کەناراوەکانی تورکیا رایگەیاند، رۆژی سێشەممە 20ـی شوباتی 2024، تیمەکانیان لە دوو بەلەمی جیاوازدا لە سنوورە ئاوییەکانی شارۆچكەی قەرەبورونی سەر بە پارێزگای ئیزمیر، 92 کۆچبەریان دەستبەسەر کردووە کە 34یان منداڵن و ویستوویانە بچنە ئەورووپا.
هەر لە پارێزگای ئیزمیر لە سنوورە ئاوییەکانی شارۆچکەی فۆچا، لە دوو بەلەمی جیاوازدا لە دەریای ئیجە 67 کۆچبەر دەستبەسەر کران کە 23یان منداڵ بوون.
دوای گرتنەبەری رێکاری یاسایی ئەو 159 کۆچبەرە دەستبەسەرکراوە رادەستی فەرمانگەی کۆچی ئیزمیر کراون.
لەم دواییانەدا لە تورکیا گوشارەکان بۆ سەر کۆچبەران زیادیان کردووە و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا کۆنترۆڵی خۆیان لە شارەکانی هاوسنووری یۆنان و لە دەریای ئیجە زیاد کردووە.