بەهۆی بوومەلەرزەکەی هاتای لە مێرسین پشووی خوێندن راگەیێندرا
رووداو - هەولێر
لە پارێزگای مێرسینی تورکیا کە شەوی رابردوو بەهۆی بوومەلەرزەکانی هاتای لەرییەوە، بۆ ماوەی یەک رۆژ پشووی خوێندن راگەیێندرا.
پارێزگای مێرسین لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی بوومەلەرزەکانی پارێزگای هاتای کە شارۆچکەکانی دەفنە و سامانداغ چەقی بوومەلەرزەکان بوون، رۆژی سێشەممە 21ی شوبات لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە سنووری پارێزگای مێرسین دەکرێتە پشوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، کارمەندانی کەرتی گشتی خاوەن پێداویستی تایبەت، ئەو خانمانەی فەرمانبەرن و دووگیانن، لەگەڵ ئەو خانمانانەی منداڵی تەمەن 10 ساڵ و خوارتریان هەیە، دەتوانن رۆژی سێشەممە نەچنە سەرکار و ئەو رۆژەیان بە مۆڵەت بۆ هەژمار دەکرێت.