سێ ژن و پیاوێک لە تورکیا تەقەیان لێکرا و کوژران
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئافیۆن کاراهیساری باکووری رۆژئاوی تورکیا، چوار ئەندامی یەک ماڵبات تەقەیان لێکرا و کوژران.
رووداوەکە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 20-12-2023، لە ناوچەی چایرباخ لە ناوەندی پارێزگای ئافیۆن کاراهیسار روویدا.
دوای ئەوەی گوێیان لە دەنگی تەقە بووە، هاووڵاتییان هەواڵیان بە پۆلیس دا. تیمەکانی فریاکەوتن و پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و رایانگەیاند، ئەو چوار کەسەی تەقەیان لێکراوە، گیانیان لەدەستداوە.
پۆلیس دەستی بە ئۆپەراسیۆنێک بۆ دەستگیرکردنی گومانلێکراوی یەکەم بەناوی مەرت موحەڕەم کە هاوژینی پێشووی یەکێک لە کوژراوەکانە بەناوی حەوا کرد. حەوا و مەرت ساڵی 2019 و دوای جیابوونەوە لە یەکدی، لەسەر منداڵەکانیان کێشەی نێوانیان گەورە بووە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە 211 رۆژی سەرەتای ساڵی 2023دا هەزار و 938 رووداوی کوشتن بە چەک لە باکووری کوردستان و تورکیا ئەنجام دراون و 20٪ی ئەوانەش چەکیان تێدا بەکارهێنراوە، کێشەی نێو هەمان خێزان بووە.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 4 ملیۆن چەکی بەمۆڵەت لە باکووری کوردستان و تورکیادا هەن؛ ژمارەی چەکە بی مۆڵەتەکان 36 ملیۆنە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی فەرمی ساڵی 2022ی دەزگای ئوموت، ئەو ساڵە لە ئەنجامی بەکارهێنانی چەک 2 هەزار و 278 کەس کوژراون و 4 هەزار و 231 کەسی دیکەش بریندار بوون.