لە تورکیا دراوی نوێی 5 و 50 لیرەیی کەوتنە بازاڕەوە
رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی تورکیا لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاویکردەوە، چاپی نوێی دراوی 5 لیرەیی و 50 لیرەیی کەوتە بازاڕ. هاوکات بابەتی چاپکردنی 5000 لیرەیی رۆژەڤە.
بەگوێرەی ئەو راگەیێندراوەی لە رۆژنامەی فەرمیدا ئاماژەی پێدراوە، لە رۆژی 19-11-2024 بەدواوە چاپە تازەکەی دراوی 5 لیرەیی و 50 لیرەیی مامەڵەیان پێدەکرێت.
چاپە تازەکە بە واژۆی د. فاتیح کاراهان، سەرۆکی بانکی ناوەندیی تورکیا چاپکراوە.
چاپە تازەکەی تورکیا شین و شەدرییە.
ئەم پێشهاتە لەکاتێکدایە، ماوەیەکە چاپکردنی دراوی 500 لیرەیی و 5000 لیرەیی بە گەرمی باسی لێوە دەکرێت. تەنانەت بەشێک لە میدیاکانی ئەو وڵاتە بڵاویان کردووەتەوە کە گوایە پلانڕێژی بۆ ئەوەش کراوە. بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی تورکیا ئەمەی بە فەرمی یەکلایی نەکردووەتەوە.
لیرەی تورکی لە چەند ساڵی رابردوودا زۆر بە خێرایی بەهای لەدەستداوە و رێژەی هەڵاوسانیش تا دێ بەرز دەبێتەوە. بۆ نموونە ساڵی 2014 نرخی ساندویچێک 5 لیرە بوو. ئەم ساڵ هەمان ئەو ساندویچە بە نزیکەی 50 لیرەیە.
ئێستا لە تورکیا کارمەندانی بەشێک لە بانکەکان ناچارن رۆژانە چەند جارێک ئامێری پارەبژاردن (ATM) پڕ بکەنەوە. لەکاتێکدا پێشتر هەفتەی جارێک ئەو کارەیان کردووە.
ئێستا لە تورکیادا گەورەترین دراوی کاغەز 200 لیرەییە کە بەگوێرەی بەهای ئەمڕۆ 20-11-2024 دەکاتە 5.8 دۆلار. هەر بۆیە بیرۆکەی چاپکردنی دراوی 500 لیرەیی و 5000 لیرەیی کەوتووەتە رۆژەڤی ئەو وڵاتە.
تەنانەت ئێستا بەشێک لە میدیاکانی تورکیا باس لەوە دەکەن کە ئاخۆ لە کاتی چاپکردنی دراوی نوێدا، هاوشێوەی دراوەکانی دیکە هەر وێنەی مستەفا کەمال ئەتاتورک، دامەزرێنەری کۆماری تورکیا دادەنرێت، یان وێنەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئێستا دادەنرێت.
بەرپرسانی حکومەتی تورکیا رەتیدەکەنەوە تورکیا بە دۆخێکی تایبەتی ئابووریدا تێپەڕێت و دەڵێن، ئەو دۆخەی تورکیا پێیدا تێدەپەڕێت، دۆخێکی ئابووریی گشتییە کە کاریگەریی لەسەر تەواوی جیهان دروستکردووە.
بەگوێرەی دوایین نرخەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە 20-11-2024، یەک دۆلار بە 3.5 لیرە مامەڵەی پێوە دەکرێت.
حکومەتی ئاکپارتی سێ ساڵ دوای ئەوەی جڵەوی دەسەڵاتی تورکیای گرتەدەست، رۆژی 1-1-2005 وەکو رێکارێک بەرامبەر بێبەهابوونی لیرەی تورکی، شەش سفری لە دراوی وڵاتەکەی لادا. لەو رۆژەوە ملیۆنێک لیرە، کرایە 1 لیرە.