وەزارەتی بەرگریی تورکیا: سیستمی پەیوەندیکردنمان جیاواز و خۆماڵین و مەترسی لەسەر ئامێرەکانمان نییە

 
رووداو دیجیتاڵ  

وەزارەتی بەرگریی تورکیا جەخت لەوە دەکاتەوە، سیستمی پەیوەندیکردنەکانیان تەواو دروستکراوی خۆماڵین و بەرنامەکانیان جیاوازن و هیچ مەترسییەک لەسەر ئامێرەکانیان نییە. 
 
رۆژی  پێنجشەممە، 19ـی ئەیلوولی 2024، لیوا زەکی ئاکتورک، راوێژکاری پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا، کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی هەفتانەی وەزارەتەکەی لە بارەگای سەرەکیی وەزارەتەکە لە ئەنقەرە رێکخست و زانیاری هەفتەیەکی چالاکییەکانی وەزارەتەکەی خستەڕوو. 
 
بەرپرسەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانێکی دایەوە سەبارەت بەوەی ئایا سوپای تورکیا رێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر لە بەرامبەر تەقینەوەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە لوبنان؟ رایگەیاند، ھێزەکانی تورکیا تەنیا ئەو سیستەم و پرۆگرامانەی پەیوەندیی بەکاردەھێنن، کە بە توانای ناوخۆیی و خۆماڵی لەو وڵاتەدا بەرھەم دەھێنرێن. 
 
ئاماژەی بەوەشدا، سیستمی پەیوەندیکردنەکە تایبەتە بە سوپا و میکانیزمی بەکارهێنان و تەواوی وردەکارییەکانی دیکەشی پارێزراون و هیچ مەترسییەک لەسەر ئامێرەکانیان نەبووە و نابێت و بەشێوەیەکی چالاکانە بەرهەم دەهێندرێت.  
 
رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە، زنجیرەیەک تەقینەوە لەسەر ئامێرەکانی "پەیجەر" و "ئایکۆم"ـی پەیوەندیکردن لە ژمارەیەک ناوچەی باشووری لوبنان روویاندا و لە ئەنجامدا، 37 کەس کوژراون و سێ ھەزار و 250 کەسی دیکەش برینداربوون.
 
حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا-ی لوبنان لە گوتارێکیدا ئەمڕۆ رایگەیاند، ئیسرائیل بە نیاز بوو لە دوو خولەکدا پێنج هەزار کەس بکوژێت.