پێنج پارێزگای باکووری کوردستان پیسترین هەوایان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
پێنج پارێزگای باکووری کوردستان لە ریزبەندی پێنج یەکەم شاری تورکیا و باکووری کوردستانن، کە پیسترین هەوایان هەیە.
پلاتفۆرمی "هەوای پاک، مافمانە" لیستی ئەو شارانەی تورکیا و باکووری کوردستانی بڵاوکردووەتەوە، کە پیسترین هەوایان هەیە و پارێزگای ئێلهـ لە باکووری کوردستان لە پلەی یەکەم دێت.
لە دوای پارێزگای ئێلهـ، پارێزگای ئیدیر، ئاگری، شرنەخ و مەلەتێ لە پلەی دووەم تاوەکو پێنجەم دێن، کە خاوەن پیسترین هەوان لەسەر ئاستی تورکیا و باکووری کوردستان.
لە راپۆرتی پلاتفۆرمەکەدا هاتووە، لە کۆی هەر 100 کەسێک لە پارێزگای ئێلهـ، کە گیانلەدەستدەدەن، 31 کەسیان بەهۆی پیسبوونی هەواوە بووە. بەگوێرەی ریزبەندییەکە، هۆکاری گیانلەدەستدان بەهۆی پیسبوونی هەوا لە ئیدیر و ئاگری 28 کەسە لە هەر 100 کەسێکدا. هەرچی شرنەخ و مەلەتێیە، لە 100 کەسدا 25 کەس بەهۆی پیسبوونی هەواوە گیان لەدەستدەدەن.
پلاتفۆرمی "هەوای پاک مافمانە" باس لەوەش دەکات، رێژەی پیسبوونی هەوا لەم پێنج پارێزگایەی باکووری کوردستاندا 5 تاوەکو 8 هێندەی ئەو ستانداردەیە، کە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دیاریکردووە.