لە ئیستەنبووڵەوە گەشتکردن بە پاس بۆ ئەوروپا زیادیکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە ئیستەنبووڵەوە گەشتکردن بە پاس بۆ ئەوروپا زیادیکردووە و ژمارەیەکی زۆری خەڵک کە دەیانەوێت گەشت بۆ وڵاتانی ئەوروپا بکەن روو لە تێرمیناڵی گەورەی ئیستەنبووڵ دەکەن.
 
بەراورد بە گەشتکردن بە فڕۆکە، تێچووی گەشتکردن بە پاس پێنج بۆ شەش هێندە کەمترە و دەتوانن کاڵای زیاتریش لەگەڵ خۆیاندا ببەن.
 
بیرۆڵ ئۆزجان، سەرۆکی فیدراسیۆنی شۆفێرانی پاسەکانی تورکیا دەڵێت، "بەر لە پەتاکە زۆر کز بوو، بەڵام بەهۆی گرانبوونی بلیتی فڕۆکەوە ژمارەی گەشتەکانمان بۆ وڵاتانی ئەوروپا زیادیکرد. لە هەمان کاتدا وەکو دەزانن کێشەی بار هەیە، لە فڕۆکە مەرجی 25 - 30 کیلۆ هەیە، بەڵام کۆمپانیاکانی گواستنەوە بە پاس کاتێك کەسێک بە 2 - 3 جانتای گەورەوە دێت و بلیت دەکڕێت، چاوپۆشیی لێ دەکات."
 
ئەو خێزانانەی قەرەباڵخن و ئەوانەیش کە ترسیان لە گەشتکردن بە فڕۆکە هەیە، رێگەی گەشتکردن بە پاس هەڵدەبژێرن.
 
ئایسەل دەمیرکورت، بەڕێوەبەر لە کۆمپانیا ئاماژە بەوە دەکات، "بێجگە لە پێنجشەممە و یەکشەممە، هەموو رۆژانی هەفتە گەشتمان بۆ ئەڵمانیا هەیە. ئێستا لە ئەوروپاوە هاتنی خەڵک و گەڕانەوە بۆ تورکیا بەهۆی پشووی خوێندن زیادیکردووە. لە ماوەی نێوان 10ی ئاب بۆ 15ی ئەیلوول چوون بۆ ئەوروپا زیاد دەبێت. لە دۆخی ئاساییشدا ژمارەی گەشتەکانمان باشن، ئەمەش بەهۆی گرانیی بلیتی فڕۆکە."
 
لە ئیستەنبووڵ، کۆمپانیاکانی گەشتیاری لە وەرزی هاویندا رۆژانە 80 بۆ 100 گەشت ئەنجام دەدەن.
 
لەم وەرزەدا نرخی بلیت هەرزانترە؛ بۆ نموونە، بلیتی چوون بۆ وڵاتێكی وەکو ئەڵمانیا لەنێوان 40 بۆ 160 یۆرۆ دەگۆڕێت، بەڵام لە دۆخی ئاساییدا لە 130 یۆرۆوە دەستپێدەکات و دەگاتە 175 یۆرۆ.