پەرلەمانی تورکیا لەسەر داوای جەهەپە کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی تورکیا، کە لە پشووی هاوینەدایە، رۆژی 25ی تەممووز لەسەر داوای پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە لە 25ی تەممووز بە شێوەیەکی نائاسایی کۆدەبێتەوە.
پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە بە ئامانجی تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی ئابووری و بەرزکردنەوەی نرخەکان، داوای ئەو کۆبوونەوەیەی کردووە. هەریەک لە پارتی سەعادەت، پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی - دەڤا و پارتی دیموکراتیش واژۆیان لەسەر داواکارییەکە کردووە.
نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەسەر داوای جەهەپە داوای کرد، پەرلەمانی تورکیا کاژێر 15:00ی رۆژی سێشەممە 25ـی تەممووز کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بکات.
بۆ کۆبوونەوەی بەپەلە و نائاسایی، پێویستە لانیکەم 200 پەرلەمانتار ئامادەبن.
پەرلەمانی تورکیا لە 15ی تەممووزەوە تاوەکو 1ی تشرینی یەکەم لە پشوودا دەبێت.