لە ئیستەنبووڵ شەش کەس بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ چین دەستبەسەرکران
رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە ئیستەنبووڵ شەش کەسیان بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ چین دەستبەسەرکرد، گەڕان بەدوای داواکراوێکیش بەردەوامە.
ئەمڕۆ سێشەممە، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکدا کە لەلایەن سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵەوە کراوە، شەش کەس بە تۆمەتی سیخوڕی دەستبەسەرکران، کە گوایە زانیارییان لەبارەی ئەو کەس و کۆمەڵە ئویگورانە کۆکردووەتەوە کە لە تورکیان و سیخوڕییان بۆ هەواڵگریی چین کردووە.
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکەدا دەرکەوتووە، حەوت کەس زانیارییان لەسەر کەسایەتییە ناسراوەکانی هەرێمی خۆسەری سینجانی ئویگور و هەندێک کۆمەڵە و رێکخراو کۆکردووەتەوە.
داواکاری گشتی فەرمانی دەستبەسەرکردنی بۆ ئەو کەسانە دەرکردووە کە لەلایەن دەزگای هەواڵگری- میت دەستنیشانکرابوون، گوایە زانیارییان کۆکردووەتەوە و بە هەواڵگری چینیان داوە.
تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئیستەنبووڵ لەو ئۆپەراسیۆنەدا شەش کەسیان دەستبەسەر کردووە و گەڕان بەدوای داواکراوەکەی دیکەشدا بەردەوامە.