لە رووداوێکی تەقەکردندا لە ئیستەنبووڵ هاووڵاتییەکی فەلەستینی کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
لە شاری ئیستەنبووڵ تەقە لە هاووڵاتییەکی فەلەستینی کرا و کوژرا، شۆفیر و پاسەوانەکەیشی برینداربوون.
رووداوەکە کاژێر 22:30 خولەکی شەوی رابردوو لە گەڕەکی حەمدییە لە ناوچەی کاغتهانەی ئیستەنبووڵ روویدا.
کەسێکی دەمامکدار بە دەمانچەیەکی بێدەنگ لە نێو ئۆتۆمبێلەکەی تەقەی لە هاووڵاتییە فەلەستینییە تەمەن 30 ساڵییەکە کرد کە وەبەرهێنەر بووە و لە ئەنجامدا کوژراوە.
هەر لە رووداوەکەدا شۆفیر و پاسەوانی ئەو هاووڵاتییەش برینداربوون. تەقەکەرەکە چەکەکەی لە شوێنی رووداوەکە فڕێداوە و هەڵاتووە.
پارێزگای ئیستەنبووڵ دەڵێت، "لەکاتی لێکۆڵینەوە لە شوێنی رووداوەکەدا دەمانچەیەکی بێدەنگ و چەندین قەوانێکی بەتاڵ دۆزراونەتەوە کە لە هێرشەکەدا بەکارهێندراون؛ ئەو دوو کەسەش برینداربوون لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن".
پۆلیسی ئیستەنبووڵ هەڵمەتێکی بۆ دەستگیکردنی تەقەکەرەکە دەستیپێکردووە.