ئاگری دارستانەکانی ئیزمیر کۆنترۆڵ کرا
رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە 15 کاژێر، ئاگری دارستانەکانی ئیزمیری تورکیا کۆنترۆڵ کرا. پارێزگار دەڵێت، هەوڵەکانی ساردکردنەوەی ناوچەکان بەردەوامن.
ئاگرەکە کاژێر 13:15 خولەکی پاشنیوەڕی رۆژی پێنجشەممە 18ی تەممووز لە ناوچەی دارستانی گوندی زافەر لەنێوان شارۆچکەکانی گازیئەمیر و بوجا کەوتەوە.
بەهۆی کاریگەیی با، ئاگرەکە تەشەنەی کرد و ئەو شوێنانەی نیشتەجێبوون کە لە شوێنی ئاگرەکەوە نزیک بوون، چۆڵ کران.
بە درێژایی شەوی رابردوو، بە بەشداریی چوار هەلیکۆپتەری ئاگرکوژێنەوە، هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بەردەوام بوو. بەرەبەیانی ئەمڕۆ تیمەکان توانییان ئاگرەکە بکوژێننەوە.
سلێمان ئەلبان، پارێزگاری ئیزمیر ئەمڕۆ هەینی 19ی تەممووز لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیال میدیا رایگەیاند، ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە و هەوڵەکانی ساردکردنەوەی ناوچەکان بەردەوامن.
پارێزگای ئیزمیر ئاماژەی بەوەش دا، حەوت فڕۆکە، 23 هێلیکۆپتەر، دوو تراکتۆری ترێلەر، 98 ئاگرکوژێنەوە، 19 تانکەری ئاو، یەک تراکتۆری کراولێر، تانکەرێکی 21 تۆن، هەشت دۆزەر، 26 تیمی هاتووچۆ، 98 تیمی مەدەنی، تیمی تەندروستی و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، کۆی گشتی دوو هەزار و 172 کارمەند بەشدارییان لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا کرد.