ئەنجوومەنی ئەورووپا داوا لە تورکیا دەکات دەمیرتاش و کاڤاڵا ئازاد بکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی ئەورووپا داوا لە دەسەڵاتی تورکیا دەکات بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێ بکات و دەستبەجێ سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە و عوسمان کاڤاڵا، بازرگانی تورکیا ئازاد بکات.
ستیفان شناخ، ریپۆرتەری تورکیا لە ئەنجوومەنی پەرلەمانتارانی ئەورووپا رۆژانی 11-14ـی حوزەیران لە ئەنقەرە و ئیستەنبووڵ زنجیرە کۆبوونەوەیەکی کرد و بەرپرسانی تورکیای ئاگادارکردەوە؛ پێویستە بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێ بکرێن، لەوانەش بڕیارەکەی سەبارەت بە ئازادکردنی دەمیرتاش و کاڤاڵا.
شناخ رۆژی سێشەممە، 18ـی حوزەیران لە لێدوانێکدا سەبارەت بە ئەنجامی کۆبوونەوەکانی رایگەیاند، توانیویەتی کاڤاڵا و دەمیرتاش لە زیندان ببینێ؛ ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ وەزیرانی داد و دەرەوەی تورکیا و ئەندامانی دادگەی دەستووریی ئەو وڵاتە کۆبووەتەوە.
ستیفان شناخ رەخنەی لە بڕیاری 42 ساڵ زیندانیکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش لە دۆسیەی کۆبانیدا گرت و رایگەیاند، بە بەرپرسانی تورکیایان راگەیاندووە بەپێی پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا، دەبێت تورکیا پابەند بێت بە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا و لەسەر ئەو بنچینەیەش داوایان کردووە بڕیارەکان سەبارەت بە دەمیرتاش و کاڤاڵا بە زووترین کات جێبەجێبکرێن و هەردوو کەس ئازاد بکرێن.
ریپۆرتەری تورکیا لە ئەنجوومەنی پەرلەمانتارانی ئەورووپا رایگەیاند، پێویستە دادگەکانی تورکیا چارەسەری یاسایی بۆ کەیسەکانی ئەو دوو زیندانییە بدۆزنەوە.
دوای زیاتر لە سێ ساڵ دانیشتنی دادگە، رۆژی 16ـی ئایاری ئەمساڵ دادگەی ئەنقەرە بڕیاری کۆتایی لە دۆسیەی کۆبانێ دا کە 108 سیاسەتڤانی کورد تێیدا دادگایی دەکران و 18 کەسیان لە زیندان بوون.
هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپە؛ سەڵاحەدین دەمیرتاش بە 42 ساڵ و فیگەن یوکسەکداغ بە 30 ساڵ زیندانیکردن سزادران.
عوسمان کاڤاڵا، بازرگان و چالاکڤانی تورکیا لە ساڵی 2017ـەوە بە ''تاوانی رۆڵگێڕان لە هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی 15ـی تەمموزی 2016، ھاندان بۆ ئاژاوەگێڕی و دژایەتیکردنی دەسەڵات و سپۆنسەرکردنی خۆپیشاندەرانی رووداوەکانی پارکی گەزی'' لە ئیستەنبووڵ خراوەتە زیندانەوە.
کاڤاڵا لە 18ـی شوباتی 2020 لە دۆسیەی پارکی گەزی بڕیاری بێتاوانی درا، بەڵام لە دۆسیەی هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکە بڕیاری زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.
بەپێی مادەی 46ـی رێککەوتننامەی ئەورووپا بۆ مافەکانی مرۆڤ، بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا پابەندکەرن بۆ دەوڵەتە پەیوەندیدارەکان.
تورکیا 18ـی ئایاری 1954 واژۆی لەسەر بەڵێننامەی مافی مرۆڤی ئەورووپا کردووە و خستوویەتییە بڕگەی 90ـی دەستووری وڵاتەکەیەوە. بەپێی ئەو واژۆیە و دەستووری تورکیا بێت، دەبێت ئەنقەرە بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا وەکو خۆی جێبەجێ بکات.
دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ چییە؟
رووداوەکانی کۆبانێ لە رۆژانی 6-8ـی تشرینی یەکەمی 2014 روویاندا.
دوای ئەوەی داعش لە ئەیلوولی 2014 هێرشی کردە سەر کۆبانێ، هەدەپە و ژمارەیەک لە پارتە کوردستانییەکانی دیکەی باکووری کوردستان داوایان لە حکومەتی ئەو کاتی تورکیا کرد رێگە بە ناردنی چەک و هاوکاریی دیکەی سەربازی لە تورکیاوە بۆ شەڕڤانان بدات.
لە چەند شارێکی باکووری کوردستان خۆپێشاندان دەستیپێکرد؛ حکومەتیش بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاند.
گرژییەکان زیادبوون و لە ئەنجامدا 46 سڤیل و پۆلیس کوژران، 682 کەس لە خۆپێشاندەران و پۆلیس بریندار بوون، 323 کەس دەستگیرکران و هەزار و 113 باڵەخانە سووتێنران.
حکومەتی تورکیا رۆژی 4ـی کانوونی دووەمی 2016 ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی بۆ سەر هەدەپە دەستپێکرد، هاوسەرۆکان و ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتارانی ئەو پارتە دەستبەسەرکران و دواتر بەبڕیاری دادگە، خرانە زیندانەوە.