داواکاری یەسەپە بۆ دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن لە دیلۆک رەتکرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی دەستەی هەڵبژاردنی پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان بە بیانووی "ناڕەزایەتیی نابەجێ" داواکاری رێکخستنەکانی پارتی چەپی سەوز-یەسەپەی بۆ هەڵوەشاندنەوە و دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکانی دیلۆکی رەتکردەوە.
یەسەپە بە پاساوی ئەوەی رۆژی هەڵبژاردن 14ـی ئایار زیاتر لە 4 هەزار کەس کە گومان دەکرێ ئەندامی پارتی وەتەن بن و خۆیان وەک کارمەندی سندووقەکان ناساندووە رێگرییان لە دەنگدەران کردووە دەنگ بدەن، لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی هەڵبژاردنی پارێزگای دیلۆک تانەیان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دا و داوایانکرد ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەو پارێزگایە هەڵبوەشێندرێتەوە و هەڵبژاردنەکان دووبارە بکرێتەوە.
سەرۆکایەتی ئەنجوومەنیی هەڵبژاردنی پارێزگای دیلۆک رۆژی پێنجشەممە، 18ـی ئایار وەڵامی ئەو داواکارییەی پارتی چەپی سەوز-یەسەپەی دایەوە و بە بیانووی "ناڕەزایەتی نابەجێ" داواکارییەکەی رەتکردەوە.
بەگوێری ئەنجامە بەراییەکان %85.68ـی دەنگدەرانی دیلۆک رۆژی 14ـی ئایار چوونەتە سەر سندووقەکانی دەنگدان.
ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمان لەو پارێزگایە بەم شێوەیە بوو: هاوپەیمانیی جمهوور 682 هەزار و 421 دەنگ ،کە دەکاتە 59.39٪، هاوپەیمانیی میللەت 296 هەزار و 104 دەنگ کە دەکاتە %25.76 و هاوپەیمانی رەنج و ئازادی 104 هەزار و 400 دەنگ کە دەکاتە %9.08، هاوپەیمانی ئاتا 40 هەزار و 360 دەنگ کە دەکاتە %3.51 ـی دەنگەکان.
لە کۆی 14 کورسی دیلۆک، ئاکپارتی 8، جەهەپە 3، یەسەپە 1، ئیی پارتی 1، مەهەپە 1 کورسی بردووەتەوە.
رەجەب تەب ئەردۆغان سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا بەربژێری هاوپەیمانی جمهوور بوو، 684 هەزار و 49 دەنگی بەدەستهێنا کە دەکاتە %59.76، کەمال کڵچدارئۆغڵو سەرۆکی جەهەپە و بەربژێری هاوپەیمانی میللەت، 396 هەزار و 602 دەنگی بەدەستهێنا کە دەکاتە %34.56 ، سینان ئۆغان بەربژێری هاوپەیمانی ئاتا 59 هەزار و 239 دەنگی بەدەستهێنا کە دەکاتە %5.18 و موحەرەم ئینجە سەرۆکی پارتی مەملەکەت کە بەربژێری پارتەکەی بوو بۆ پۆستی سەرۆککۆمار و سێ رۆژ بەرلە هەڵبژاردنەکان لە پرۆسەکە کشایەوە 4 هەزار و 715 دەنگی بەدەستهێنا کە دەکاتە %0.41 ـی دەنگەکان.