بوومەلەرزەیەک ئیزمیری هەژاند
رووداو دیجیتاڵ
لە کەناراوەکانی شارۆچکەی سەفەریهیسار لە پارێزگای ئیزمیری تورکیا بوومەلەرزەیەک روویدا، کە گوڕەکەی 4.5 پلە بووە بە پێوەری رێختەر.
بەگوێرەی راگهیێندراوێكی سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد، بوومەلەرزەکە کاژێر 11:02 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی لە قوڵایی 6.97 کیلۆمەتر تۆمارکراوە.
بوومەلەرزەکە ترس و دڵەراوکێی لە نێو خەڵک دروستکرد و لە پارێزگاکانی دەوروبەریش هەستی پێکرا.
تائێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانەکانی بوومەلەرزەکە بڵاونەکراوەتەوە.
لە شەشی شوباتی 2023 دوو بوومەلەرزە بەگوڕەکانی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر لە پارێزگای مەرەش ـی باکووری کوردستان روویاندا. بوومەلەرزەکان 10 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانیان هەژاند.
بەگوێرەی ئاماری فەرمیی دەوڵەتی تورکیا، زیاتر لە 53 هەزار کەس بەهۆی هەردوو بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستدا.